نەتەوە یەکگرتووەکان: لە ئەمساڵەوە زیاتر لە 600 کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا خنکاون
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی (IOM) سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا رایگەیاند؛ لە سەرەتای ساڵی 2026ەوە تا ئێستا 606 کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا خنکاون یان بێسەروشوێن بوون.
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوە کردووە، رۆژی شەممەی رابردوو، بەلەمێکی کۆچبەران بەهۆی خراپیی کەشوهەواوە لە نزیک کەناراوەکانی دوورگەی کریتی یۆنان نوقم بووە. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، 30 کەس بێسەروشوێنن. دەسەڵاتدارانی یۆنان توانیویانە تەرمی سێ پیاو و ژنێک بدۆزنەوە و پشتڕاستی بکەنەوە، لە کاتێکدا ئۆپەراسیۆنی گەڕان بە چوار کەشتی بۆ دۆزینەوەی رزگاربووان بەردەوامە.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن لە رووداوێکی دیکەی نوقمبوونی بەلەم لە دەریای ناوەڕاستدا، دوو منداڵ گیانیان لەدەستداوە.
ئەو بەلەمەی لە نزیک دوورگەی کریت نوقم بووە، زۆربەی سەرنشینەکانی خەڵکی وڵاتانی سودان و میسر بوون، کە چوار منداڵی خوار تەمەنی یاساییشیان لەنێودا بووە. بەلەمەکە لە 19ی شوباتدا لە شاری "تۆبروک"ی لیبیاوە بەڕێکەوتبوو، بەڵام لە دووری نزیکەی 20 میلی دەریایی لە کەناراوەکانی کریت تووشی کارەسات بووە.
گوتەبێژی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە؛ لە ساڵی رابردووەوە رێژەی کۆچبەران لە لیبیاوە بەرەو دوورگەی کریت بە مەبەستی گەیشتن بە یەکێتی ئەوروپا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، رێکخراوی (IOM) داوای لە وڵاتانی ناوچەکە کرد هاوکارییەکانیان بەهێزتر بکەن و ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و رزگارکردن لە ناوەڕاستی دەریای ناوەڕاستدا چڕتر بکەنەوە. هەروەها جەختی لەسەر پێویستی بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەکانی قاچاخچێتی و بازرگانیکردن بە مرۆڤ کردەوە، لەگەڵ رەخساندنی رێگەی سەلامەت و یاسایی بۆ کۆچبەران تاوەکو ژیانیان لە مەترسی دوور بێت.
ئەم ئامارە بە بەرزترین رێژەی قوربانیانی کۆچبەر دادەنرێت بۆ ئەم ماوەیە، لەو کاتەوەی رێکخراوەکە لە ساڵی 2014دا دەستی بە تۆمارکردنی داتاکان کردووە.