دیلان یەشیلگۆز لە پۆستی وەزیری بەرگریی هۆڵەندا دەستبەکاربوو

رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی دیلان یەشیلگۆز، وەزیری بەرگریی نوێی هۆڵەندا
رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی دیلان یەشیلگۆز، وەزیری بەرگریی نوێی هۆڵەندا

دیلان یەشیلگۆز بە فەرمی لە پۆستی وەزیری بەرگریی هۆڵەندای دەستبەکاربوو، دوای رێوڕەسمی وەرگرتنی ئەرکەکەی. یەشیلگۆز لە پەیامێکدا رایگەیاند "شانازییەکی گەورەیە و هۆڵەندا بەهێزتر دەکەم".

دیلان یەشیلگۆز، لە دوای دەستبەکاربوونی بە وەزیری نوێی بەرگریی هۆڵەندا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، بە بڵاوکردنەوەی وێنەکانی ساتی دەستبەکاربوونی، لە پەیامێکدا نووسیویەتی؛ لە ئەستۆگرتنی ئەم بەرپرسیارییەتییە شانازییەکی گەورەیە و فیداکارییە.

هەروا نووسیویەتی؛ بە پشتیوانی هێزە چەکدارەکانمان وڵاتێکی بەهێز و پتەو بنیاد دەنێین، کە خۆڕاگرییەکەی بەردەوام بێت. ئەمەش هۆڵەندا بەهێزتر دەکات.

یەشیلگۆز کچی بنەماڵەیەکی کوردی شاری دێرسمی باکووری کوردستانە و لە 18ی حوزەیرانی 1977 لە ئەنقەرەی تورکیا لەدایکبووە، رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی لە پۆستی وەزیری بەرگریی هۆڵەندا، دووشەممە 23ی شوباتی 2026 بەڕێوەچوو، بەمەش بەرپرسیارێتی سیاسەتی گشتیی بەرگری وڵاتەکە دەگرێتە ئەستۆ، هاوکات دەسەڵاتی جێگری سەرۆکوەزیرانی هۆڵەنداشی دەبێت.

دیلان يشیلگۆز لە 18ی ئایاری 2022، ئەو کات کە وەزیری داد و ئاسایشی شانشینی هۆڵەند، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە هەولێر لەگەڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کۆبوونەوە.

دیداری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و دیلان یەشیلگۆز لە 18ی ئایاری 2022 - هەولێر 

هەروەها 09ـی ئەم مانگە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" پیرۆزبایی گەرمی لە دیلان یەشیلگۆز کرد، بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی هۆڵەندا.

لە پەیامەکەدا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باسی لەوەش کرد "پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هۆڵەندا بەرز دەنرخێنین و خوازیاری بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوانمانین."

ئەرک و بەرپرسیاریەتییە سەرەکییەکانی وەزیری بەرگریی هۆڵەندا:

- جێگیرکردنی هێزی سەربازی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات
- کاروباری نێودەوڵەتی، ناتۆ و سیاسەتی یەکێتی ئەوروپا
- پشتیوانی سەربازی ئۆکرانیا
- دارایی و بودجەی بەرگری
- بە‌هێزکردنی تواناکانی هەواڵگری و ئاسایش
- سیاسەت و چاودێری سەربازە دێرینەکان
- پەرەپێدانی هێزی بەرگری و سەربازیی هۆڵەندا

ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی پێشووی یەشیلگۆز:

- 2ی تەمموزی 2024– 23ی شوباتی 2026
پەرلەمانتار و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی لە پەرلەمانی هۆڵەندا.
- 10ی کانوونی دووەمی 2022 – 2ی تەمموزی 2024
وەزیری داد و ئاسایش بووە لە کابینەی چوارەم بە سەرۆکایەتیی مارک رووتە
- 25ی ئایاری 2021– 10ی کانوونی دووەمی2022
وەزیری دەوڵەت بووە بۆ کاروباری ئابووری و کەشوهەوا لە کابینەی سێیەم بە سەرۆکایەتیی مارک رووتە
- 23ی ئاداری 2017 - 3ی ئەیلوولی 2021
پەرلەمانتار بووە و ئەندامی لیژنەکانی میدیا و راگەیاندن، بازرگانی دەرەکی و هاوکاریی گەشەپێدان، کەشوهەوا و وزە، ئاسایش بووە
- 2014 -2017
ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی ئەمستردام بەرپرسی بەرپرسی دۆسیەی هەژاران و وەرزش بووە.
- 2006-2014
راوێژکاری ئەنجوومەنی شاری ئەمستردام بووە چاودێری تەندروستی.
- 2004-2006 
کارمەندی نووسینگەی زانستی بۆ توێژینەوە و ئاماربووە لە شارەوانی ئەمێرسفۆرت.