کاروانێکی سەربازانی ئەمریکی لە سووریاوە گەیشتە زاخۆ
کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا بەردەوامە و کاروانێکی سەربازانی ئەمریکا بە چەک و جبەخانە سەربازییەکانیانەوە گەیشتە سنووری زاخۆ.
پەیامنێری کوردستان24 لە زاخۆ رایگەیاند، لە چوارچێوەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و چۆڵکردن و بنکە و سەربازگەکانیان، ئەمڕۆ سێشەممە 24ی شوباتی 2026، کاروانێکی سەربازانی ئەمریکی بە ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی سەربازییەوە گەیشتە سنووری ئیدارەی زاخۆ.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، کاروانی هێزەکەی ئەمریکا کە لە سووریاوە ئاودیوی سنووری هەرێمی کوردستان دەیان ئۆتۆمبێل و بەرهەڵگر دەبوون.
دوێنێ دووشەممە قۆناخی دووەمی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی سەربازی قەسرک لە سنووری شاری قامشلۆ دەستیپێکرد، کە گەورەترین بنکەی سەربازی ئەمریکا بوو لە رۆژئاوای کوردستان.
هاوکات سێ سەرچاوەی ئاگادار بە ئاژانسی فرانس پرێسیان راگەیاندووە، هێزەکانی ئەمریکا لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا بە تەواوی لە خاکی سووریا دەکشێنەوە.
پێشتریش سەبازانی سوپای ئەمریکا، لە 10ی ئەم مانگە لە بنکەی تەنەف لە سووریا بەرەو ئوردن کشاونەتەوە و بنکەکەیان رادەستی فیرقەی 54ی سەر بە وەزارەتی بەرگری سووریا کرد.
هەروەها لە 15ی ئەم مانگە، وەزارەتی بەرگریی سووریا رایگەیاند، دوای هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا، بنکەی شەدادی لە سنووری پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، چۆڵکراو و سەربازانی سوپای سووریای تێدا جێگیرکرا.
سەربازانی سوپای ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژی رێکخراوی داعش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ساڵی 2015ـەوە لە چەند ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا بنکەی سەربازیان دامەزراند، بە گوێرەی ئامارەکان زیاتر لە 1500 سەربازی ئەمریکی لە سووریا لە بنکە سەربازییەکانی بڵاوکرابوونەوە.
- بنکەی رمێلان لە دەشتاییەکانی باکووری پارێزگای حەسەکە 500 سەربازی تێدا جێگیربوو.
- بنکەی مالکییە (فڕۆکەخانەی رووبار) کە لەلایەن ئەمریکییەکان بە رمێلان دوو ناسراوە و دەکەوێتە باکووری حەسەکە، 150 سەربازی تێدا بووە،
- بنکەی تەل بیدەر بە دووری 30 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای حەسەکە ژمارەیەک سەربازی تێدا جێگیرابوو.
- بنکەی لایڤ ستوون لە نزیک دەریاچەی بەنداوی باسل لە پارێزگای تەرتوس، نزیکەی 50 سەرباز و هەشت هێلیکۆپتەری تێدا جێگیرکرابوو.
- بنکەی قەسرک، کە دەکەوێتە دووری 45 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی شارۆچکەی تەل تەمەر نزیک رێگەی M4 ژمارەیەک سەربازی تێدا بوو.
- بنکەی هیمۆ لە دووری چوار کیلۆمەتری رۆژئاوای فڕۆکەخانەی قامشلۆ، نزیکەی 350 سەربازی تێدا بووە.
- بنکەی کۆمەڵگەی وەرزشی باشووری گەڕەکی غوێرانی شاری حەسەکە، کە زیندانیانی داعشی تێدا بوو، نزیکەی 150 سەربازی ئەمریکی لەگەڵ هێزەکانی هەسەدە ئاسایشی زیندانەکەیان دەپاراست.
- بنکەی سەوامع بە دووری 10 کیلۆمەتر لە باشووری حەسەکە، لەسەر رێگەی ئاسنی نێوان حەسەکە و دێرەزوور، 50 سەربازی ئەمریکا جێگیرکرابوون، ئەرکیان مەشق و راهێنان بە هێزەکانی هەسەدە بوو.
- بنکەی شەدادی کە دەکەوێتە دووری یەک کیلۆمەتر لە باشووری شاری شەدادی و نزیکەی 350 سەربازی تێدا بووە، تایبەتمەندی بنکەکە توانای نیشتنەوەی هێلیکۆپتەری هەیە و ناوەندێکی سەرەکی هەڵدانی درۆن بوو بۆ هێزەکانی ئەمریکا.