ئێران هه‌ڕه‌شه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی كوژرانی قاسم سوله‌یمانی ده‌كات

ئیسماعیل قائانی: تۆڵه‌ی كوژرانی سوله‌یمانی له‌ناو ماڵی بكوژان ده‌كه‌ینه‌وه‌
ئیبراھیم رەئیسی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران لە مەراسیمێکدا بە بۆنەوەی ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی له‌ تاران
ئیبراھیم رەئیسی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران لە مەراسیمێکدا بە بۆنەوەی ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی له‌ تاران

K24- هه‌ولێر:

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، ئێران جددی نیە لە تۆڵەکردنەوەی خوێنی سولەیمانی، بەڵام نایەوێت خۆی وانیشان بدات کە وازی لە تۆڵەکردنەوە ھێناوە. لە وەڵامی پرسیارێکیش کە ئەگەر لە دوا رۆژەکانی دەسەڵاتیدا ترەمپ ھێرشی کردەسەر ئێران؟ فەرماندەی سوپای پاسداران دەڵێت: ئامادەکاری تەواویان کردووە و لە مەیدانی شەر وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەنەوە.

لە مەراسیمێکدا بە بۆنەوەی ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانیەوە، کە لە تاران رێکخراوە، جیا لە بەرپرسانی ئێران، سەرکردەی سووری، فەلەستینی و بەرەی بەرگری لوبنانی لە دەوری ئەندامانی خێزانەکەی قاسم سولەیمانی کۆبوونەتەوە.

ئیبراھیم رەئیسی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران دەڵێت: دەبێ ئەمه‌ریکا بەتەواوی لە ناوچەکە بکرێتە دەرەوە و بۆ لەمەودوا لەسەر گۆی زەوی ھیچ شوێنێکی سەلامەت بۆ بکوژانی سولەیمانی نامێنێت.

جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌، "ئەگەر کەسێك یان سەرۆکی ئەمه‌ریکا کە فەرمانی کوشتنەکەی کردبێت و لە دەستی یاسا و سزا رزگاری بووبێت، ئەوانەی دەستیان لەو تیرۆرەدا ھەبووە ھیچ کەسێکیان لەسەر گۆی زەوی شوێنێکی ئارامیان نابێت. ئەمە قسەی کۆتاییە. دوژمن دەبێ باش بزانێت کە بۆ لەمەودوا ژیانیان زۆر زەحمەت دەبێت. بەرەی بەرگری ژیانیان سەخت و سەختر دەکات. یەکێك لە باشترین تۆڵەکردنەوەکان لە تۆڵەی خوێنی سولەیمانی کردنەدەرەوەی تەواوەتی ئەمه‌ریکایە لە ناوچەکە. تۆڵەیەکی دیکەش بە سزاگەیاندنی ئەنجامدەرانی ئەو تاوانەیە."

ئیسماعیل قائانی كه‌ بووه‌ته‌ جێگرەوەی سولەیمانی و پۆستی فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی قودسی سوپای پاسدارانی وه‌رگرتووه‌، ھەڕەشەی ئەوە دەکات، لەوانەیە ھەر له‌ ناوخۆی ئەمه‌ریکا تۆڵەی خوێنی سولەیمانی بکرێتەوە و روو له‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان ده‌ڵێت: "بەم تاوانەتان ئێوە بوونە ھۆی ھاندانی ئازادیخوازان لە ھەموو جیھان. لەوانەیە ھەر لەناو ماڵ و لەسەر خاکی خۆتان ئەو تۆڵەتان لێبکرێتەوە."

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئەگەر ترەمپ لەدوای رۆژەکانی دەسەڵاتیدا ھێرشیکردە سەر ئێران چی؟ حوسێن سەلامی فەرماندەی سوپای پاسدارانی گوتی: "ئەمڕۆ بۆ رووبەورووبوونەوەی ھەر ھێزێك ھیچ کێشەیەکمان نیە. ئێمە دوا قسەی خۆمان لە مەیدانی شەر بە دوژمنەکانمان دەڵێین."

بەرپرسانی ئەمه‌ریکا بەردەوام ھۆشداری ئەوە دەدەن، ئێران پلانی تۆڵەکردنەوەی ھەیە، ئەمه‌ریکاش ئامادەکاری کردووە. ترەمپش 23ی مانگی رابردوو ھۆشداریداوەتە ئێران، كه‌ ئەگەر سەربازێکی وڵاتەکەی بکوژرێت، ئێران بە بەرپرسیار دەزانێت و داوا لە ئێرانیەکان دەکات، پێش ھەر بڕیارێك باش بیر بکەنەوە.

H.B