100 کەللەسەری مرۆڤ لە هەولێر دۆزرانەوە
بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر ئاشکرای دەکات، ناوچەیەکی شوێنەواری دۆزراوەتەوە کە پێشبێنی دەکرێت بۆ سەردەمی ساسانییەکان بگەڕێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی شوباتی 2026، نادر بابەکر، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لە چەند رۆژی ڕابردوو لە کاتی کارکردن لە نزیک شەقامێکی گەڕەکی باغلومنارەی هەولێر، کرێکارەکان ژمارەیەک ئێسکی سەری مرۆڤ دەبینن، دواتر پەیوەندی بە تیمەکانی ئێمەوە کرا و دوای کنە و پشکنین دەرکەوت شوێنەوارێکی مێژوویی لەو ناوچەیە هەیە.
بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، ژمارەیەک سکەی زیو دۆزراونەتەوە و کە پێشبێنی دەکرێت مێژووەکەیان بۆ سەردەمی ساسانییەکان بگەڕێتەوە، لەگەڵ هەبوونی 100 کەللەسەری مرۆڤ.
هەروەها باسی لەوە کرد، پارەی کۆن، لەگەڵ دوو خڕخاڵی بڕۆنز و دوو ملوانکە مرواری و بازنێکی ئاسن و چوار پارچەی گۆزە لەو ناوچەیە دۆزراوەتەوە.
دەربارەی پشکنین بۆ ئەو ئێسک و کەللە سەرانە، نادر بابەکر رایگەیاند: پشکنینی DNAیان بۆ دەکرێت، هەروەها تاوەکو ئێستا دیار نییە ئاخۆ ئەو شوێنە شوێنەوارییەی لێ دۆزراوەتەوە وەکو ناوچەیەکی شوێنەواری دەمینێتەوە یان لە مۆزەخانە دایدەنێین.