یەکێتیی ئەوروپا هۆشداری لە هەڵاتنی بەکۆمەڵی خێزانەکانی داعش لە کەمپی هۆل دەدات

یاداشتێکی ناوخۆیی یەکێتیی ئەوروپا کە دەست ئاژانسی ڕۆیتەرز کەوتووە، مەترسییەکی ئەمنی گەورە لەبارەی هەڵاتنی هەزاران کەس لە کەمپی هۆل لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ئاشکرا دەکات. ئەم کەمپە کە کەسوکاری چەکدارانی داعشی تێدایە، دوای کشانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و کۆنترۆڵکردنی ناوچەکە لەلایەن سوپای سووریاوە، تووشی پشێوی بووە و ترسی ئەوە هەیە گرووپە تیرۆریستییەکان ئەو کەسانە بۆ مەرامی خۆیان بەکاربهێننەوە.

سێشەممە 24ـی شوباتی 2026، یاداشتێکی ناوخۆیی یەکێتیی ئەوروپا کە لەلایەن سەرۆکایەتی قوبرسەوە ئاراستەی وڵاتانی ئەندام کراوە، مەترسییەکی ئەمنی گەورە لەبارەی هەڵاتنی هەزاران کەس لە کەمپی هۆل لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ئاشکرا دەکات و ئاماژە بەوە دەدات، گرووپە تیرۆریستییەکان دەتوانن ئەم دۆخە بۆ مەرامی ڕێکخستنەوە و زیادکردنی هەوڵەکانی تەکاندن بەکاربهێنن.

ئەم نیگەرانییانە دوای ئەوە دێن کە لە مانگی یەکی ئەمساڵدا هێزەکانی حکوومەتی سووریا کۆنترۆڵی کەمپەکەیان گرتە دەست، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی پشێوی و داڕمانی باری ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان لە ناو کەمپەکەدا کە پێشتر لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەد)ەوە دەپارێزرا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، پێش گۆڕانی دەسەڵات لە ناوچەکەدا زیاتر لە 23 هەزار کەس لە کەمپی هۆل نیشتەجێ بوون کە لە نێوانیاندا زیاتر لە 6 هەزار هاووڵاتی بیانی هەبوون، بەڵام ئێستا چارەنووسی زۆربەیان نادیارە و وا بڵاوکراوەتەوە کە زۆرینەیان هەڵاتوون.

لە هەمان کاتدا سوپای ئەمریکا ڕایگەیاندووە، توانیویانە 5 هەزار و 700 چەکداری داعش بۆ زیندانەکانی عێراق بگوازنەوە، بەڵام یاداشتەکەی یەکێتیی ئەوروپا جەخت دەکاتەوە کە ئامانجە سەرەتاییەکان بۆ گواستنەوەی هەموو دەستگیرکراوەکان بەدی نەهاتووە و دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر ڕۆیشتووە.

ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و حکوومەتی نوێی سووریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع جەختیان لە ڕوودانی کۆچێکی بەکۆمەڵ و ئاڵۆزی لە هەفتەکانی ڕابردوودا کردووەتەوە، لە کاتێکدا دیمەشق هێزەکانی هەسەدە بە کشانەوەی لەناکاو و بێ هەماهەنگی تۆمەتبار دەکات.

لە لایەکی دیکەوە، یەکێتیی ئەوروپا نیگەرانی ئەوەیە کەمپی ڕۆژیش کە هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدایە و هەزاران ژن و منداڵی توندڕەوی تێدایە، ڕووبەڕووی هەمان چارەنووس ببێتەوە ئەگەر هێزەکانی حکوومەت دەستی بەسەردا بگرن، ئەمەش وەک هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی گرووپە توندڕەوەکان سەیر دەکرێت.