تەرمی ئەندامانی هەسەدە رادەستکرانەوە و 66 دەستگیرکراویش ئازادکران

لە هەنگاوێکی نوێدا کە ئاڵوگۆڕی تەرم و دەستگیرکراوەکان لەخۆدەگرێت، تەرمی ژمارەیەک چەکداری هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رادەستی لایەنی پەیوەندیدار کرانەوە، ئەوەش دوای ئازادکردنی دەیان دەستگیرکراو لە زیندانەکانی کۆبانی.

روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی سەر بە حکوومەتی کاتی سووریا، تەرمی ئەو چەکدارانەی (هەسەدە)ی رادەستکردووەتەوە کە لە کاتی هێرشەکانی ئەم دواییەدا لە ناوچە جیاجیاکان کوژرابوون. ئەم پڕۆسەیە لە چوارچێوەی لێکگەیشتنێکی هاوبەشی نێوان هەردوولا جێبەجێ کراوە.

ئەنجوومەنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە کۆبانی، 66 دەستگیرکراوی لە زیندانی ناوەندیی شارەکە ئازاد کرد. بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە مەرجەکانی رێککەوتنێکی سیاسی کە باس لەوە دەکرێت لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکوومەتی کاتی سووریا لە دیمەشق ئەنجام درابێت. بڕیارە لە بەرامبەر ئازادکردنی ئەو دەستگیرکراوانەدا، 12 تەرمی چەکدارانی هەسەدە رادەست بکرێنەوە.

لە لایەکی دیکەوە، ئەم جۆرە ئاڵوگۆڕانە ناڕەزایەتی و پرسیاری یاسایی و ئەخلاقی لای چاودێران و رێکخراوە مرۆییەکان دروست کردووە. پسپۆڕانی یاسایی جەخت دەکەنەوە، بەگوێرەی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی، رێزگرتن لە تەرمی مردووان و گەڕاندنەوەیان بۆ خێزانەکانیان ئەرکێکی مرۆییە و نابێت وەک کارتی فشار لە دانوستانەکاندا بەکاربهێنرێت. هەروەها ئاماژە بەوە دەکرێت، بەکارهێنانی پرسی دەستگیرکراوان و تەرمی کوژراوەکان بۆ موزایەدەی سیاسی و ئەمنی، پێشێلکردنی کەرامەتی مرۆڤ و بنەما سەرەتاییەکانی مافی مرۆڤە.

رۆژی هەینی، 30ـی کانوونی دووەمی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، وردەکاریی رێککەوتنەکەیانی لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق ئاشکرا کرد، کە بە ئامانجی پاراستنی گەل و رێگری لە کۆمەڵکوژی واژۆ کراوە. گرنگترین خاڵەکان ئەمانەن:

- هێزە سەربازییەکان: هەسەدە دەبێتە بەشێک لە وەزارەتی بەرگریی سووریا، بەڵام وەک لیوا و یەکەی سەربازی لە ناوچەکانی خۆیان دەمێننەوە.

- دۆسیەی ئەمنی: هێزەکانی ئاساییش دەبنە بەشێک لە وەزارەتی ناوخۆی سووریا و ئەرکی پاراستنی نێو شارەکان لە ئەستۆ دەگرن؛ سوپای سووریا ناچێتە نێو هیچ شار و گوندێکی کوردییەوە.

- کارگێڕی و زمان: خوێندن بە زمانی کوردی لە قوتابخانە و زانکۆکان بە فەرمی دەکرێت، فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەبنە فەرمانبەری دەوڵەت و ئیدارەی ناوچەکە بەدەست خەڵکی ناوچەکەوە دەبێت.

- دۆخی کۆبانێ: گەمارۆی سەر کۆبانێ هەڵدەگیرێت و هێزەکان لە نێو شار دەکشێنەوە بۆ دەوروبەری.

- گەرەنتیی نێودەوڵەتی: ئەمریکا و فەرەنسا ئاگاداری وردەکارییەکانن و وەک گەرەنتیکاری سیاسی دەمێننەوە.

مەزڵووم عەبدی جەختی کردەوە هەرچەندە رێککەوتنەکە لە ئاستی هەموو خواستەکانیاندا نییە، بەڵام باشترین بژاردە بووە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان لەم قۆناغەدا.