راستیی رووداوەکەی شەوی رابردووی فڕۆکەخانەی بەغدا

هۆکاری راگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی بەغدا ئاشکرا کرا و وەزارەتی گواستنەوە دەڵێت، کێشەکە تەکنیکی بوو نەک ئەمنی.

 شەوی رابردوو (سێشەممە، 24ـی شوباتی 2026)، بەهۆی روودانی کێشەیەکی تەکنیکییەوە گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بۆ ماوەیەکی کاتی راگیران. 

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاندووە، گرفتەکە تەنیا تەکنیکی بووە و هیچ پەیوەندییەکی بە دۆخی ئەمنییەوە نەبووە.

بەگوێرەی راگەیەنراوی وەزارەتی گواستنەوە، تیمە تەکنیکییەکان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست و توانیویانە بە خێرایی چارەسەری کێشەکە بکەن، بەمەش سەلامەتیی گەشتیاران پارێزراوە. هاوکات حکوومەتی عێراق هەموو ئەو دەنگۆیانە رەت دەکاتەوە کە باسیان لە بوونی مەترسیی ئەمنی لەسەر فڕۆکەخانەکە دەکرد و جەخت لە ئاساییبوونەوەی دۆخەکە دەکاتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا ساڵانێکە بەدەست کۆمەڵێک کێشەی ژێرخان و تەکنیکییەوە دەناڵێنێت. لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، چەند جارێک بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە هۆڵەکانی چاوەڕوانی و کێشەی رووناکیی سەر ڕاڕەوەکان (Runway)، گەشتەکان راگیراون.

بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە، حکوومەتی عێراق گرێبەستێکی لەگەڵ دامەزراوەی دارایی نێودەوڵەتی (IFC) واژۆ کردووە بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی فڕۆکەخانەکە، یان دروستکردنی فڕۆکەخانەیەکی نوێ لە بەغدا بۆ ئەوەی لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکاندا بگونجێت.