ئیسماعیل بەقایی وڵامی ترەمپ دەداتەوە و قسەکانی بە درۆ ناو دەبات

ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی شوباتی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە وڵامی قسەکانی سەرۆکی ئەمریکا کە لە کۆنگرێسی وڵاتەکە پێشکەشی کرد، لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی، ئەو بانگەشانەی سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، مووشەکی بالیستیی کێشوەربڕ و ژمارەی گیان لەدەستدراوانی نائارامییەکانی مانگی کانوونی دووەم دەکرێن، تەنیا دووبارەکردنەوەی زنجیرەیەک درۆی گەورەن. نابێت هیچ کەسێک بکەوێتە داوی ئەم جۆرە درۆیانەوە.

بەقایی باس لەوەش دەکات، ئەم رێسایە ئێستا بە شێوەیەکی سیستماتیک لەلایەن حکوومەتی ئەمریکا و جەنگخوازانی دەوروبەریان، بەتایبەت ئیسرائیل، بۆ برەودان بە کەمپەینە شەیتانییەکەیان لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی درۆ و ساختە دژی نەتەوەی ئێران بەکار دەهێنرێت.

ئەم قسانەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتاری ساڵانەی لە کۆنگرێس پێشکەش کرد و سەبارەت بە دۆخی دانوستان لەگەڵ ئێران گوتی: "ئێمە دەمانەوێت بە رێگەی دیپلۆماسی کێشەکە لەگەڵ تاران چارەسەربکەین و ئەوانیش رێککەوتنی دەوێت، بەڵام هەرگیز رێگەنادەن چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنن."

ترەمپ گووتیشی؛ "مووشەکانی ئێران دەگەنە وڵاتانی ئەوروپا، ئێستا کار لەسەر دروستکردنی مووشەک دەکەن بۆ ئەوەی بگاتە ئەمریکا، لەگەڵ ئەوەی بەرنامەی ئەتۆمیان لەناوبرا، بەڵام دووبارە دەستیان بەدروستکردنی کردووەتەوە."

سەرۆکی ئەمریکا لەبەردەم کۆنگرێس ئاماژەی بەوەدا؛ لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی رابردووی ئێران 32 هەزار کەس کوژران، ئەمریکا نەبوایە خەڵکی زیاتریش لەسێدارە دەدران.