ئەوس مەهداوی: بڕیاری بە قەزاکردنی گوڵاڵە پێچەوانەی دەستوورە و رێکارەکانمان راگرتووە
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە رایدەگەیەنێت، بەهۆی بوونی گومانی ساختەکارییەوە، لەرێگەی کۆکردنەوەی شەش واژۆی ئەندامانی ئەنجوومەنەکەیانەوە، رێکارەکانی بە قەزاکردنی گوڵاڵە (جەلەولا)یان راگرتووە. دەشڵێت، ئەو بڕیارە پێچەوانەی دەستوور و ماددەی 140ـە، چونکە لەلایەن حکوومەتێکی کاربەرێکەرەوە دەرکراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی شوباتی 2026، ئەوس مەهداوی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "شەش واژۆی ئەندامانی ئەنجوومەنمان کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی بە قەزاکردنی گوڵاڵە رابگرین، چونکە لە نووسراوەکاندا گومانی ساختەکاری دەکرێت، هەروەها پارێزگاریش بڕیارەکەی راگرتووە." گوتیشی: "نووسراوێکمان ئاراستەی وەزارەتی پلاندانان کردووە تاوەکو رێکارەکان رابگرن، سەبارەت بە دانیشتووانی ناوچەکەش، ئەوان بەشێکن لە ئێمە، رێزیان دەگرین و خۆشمان دەوێن."
ئەوس مەهداوی ئاماژەی بەوەش دا، "داوای گرتنەبەری رێکاری یاساییمان لە دژی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە کردووە، هەروەها داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەمان کردووە؛ چونکە وەکو ئەوەی دەردەکەوێت، کارێکی دژی یاسا و دەستووریان کردووە، ماددەی 140 ماددەیەکی دەستوورییە و لە سێ قۆناغ پێکدێت؛ قۆناغی یەکەم ئاساییکردنەوەیە، واتە دۆخەکە بگەڕێتەوە بۆ پێش دەرکردنی زۆرەملێی خەڵک، قۆناغی دووەم سەرژمێریی دانیشتووانە، دواتریش ئەنجامدانی ریفراندۆمە لەو ناوچانە، کە بە جێبەجێکردنی ئەمەش ماددەی 140 کۆتایی دێت."
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە دەشڵێت، "ماددەی 140 تاوەکو ئێستا کاری پێنەکراوە و رێکارەکانی جێبەجێ نەکراون، هەروەها ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە کاری پێچەوانەی دەستوور کردووە. ئەو حکوومەتەی کە ئەم بڕیارەشی داوە، حکوومەتێکی کاربەرێکەر بووە نەک حکوومەتێکی فەرمی. حکوومەتی کاربەرێکەر لە بەغدا تەنیا کارەکانی رۆژانە بەڕێ دەکات، نەک بڕیاری چارەنووسساز بدات بۆ کێشانی سنوور و هێنانەکایەی ناحیە و قەزا و ئەو جۆرە کارە ئیدارییانە."
لە کۆتایی قسەکانیدا، گوتیشی، "ئەمانە هەمووی رەت دەکەینەوە و بە وردی بەدواداچوون بۆ رێکارەکانی دیکە دەکەین، هەروەها خەڵکی خۆمان لە قەزای خانەقین، قەرەتەپە و ئەو ناوچانەی دەکەونە چوارچێوەی ماددەی 140ـەوە، گوێبیستی هەواڵی خۆش دەبن."