قالیباف بۆ ترەمپ: زانیاریی هەڵە تووشی بڕیاری هەڵەت دەکات
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران وەڵامی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەداتەوە و دەڵێت " ترەمپ لە گوتاری ساڵانەیدا چەند بابەتێکی هەڵەی باسکردووە، لە کاتێکدا پشتریش پێیم گوتووە، زانیاریی هەڵە، تووشی شیکردنەوەی ناڕاست و بڕیاریدانی هەڵەت دەکات".
قالیباف ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی شوباتی 2026، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بازرگانان و ئەندامانی ژووری پیشەوەرانی بازاڕ، وەڵامی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای داوەتەوە و دەڵێت "سەرۆکی ئەمریکا لە راپۆرتی ساڵانەیدا بابەتی ناڕاستی باسکردووە. لە کاتێکدا پێشتر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن، بە ترەمپم وت لەسەر بنەمای زانیاری ناڕاست شیکاری ناڕاست و بڕیاری هەڵە نەدات.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دەڵێت " لە ماوەی جەنگی 12 رۆژەدا، پڕوپاگەندەی کەوتنی شاری مەشهەدی کرد، بەڵام راست نەبوو، دواتر بەڵگەنامەکان راستییەکانیان سەلماند کە رژێمی ئیسرائیل لە پشتی رووداوەکانەوە بووە، دواتر لە 2ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کرد، کە بەدەم داواکاریی خۆپیشاندەران و خەڵکی ناڕازی ئێرانەوە دێت، بەڵام وا نەبوو.
قالیباف گوتی "ئەمجارەش ترەمپ دیسان هەمان زانیاریی ناڕاستی لە کۆنگرێسدا دووبارەکردەوە، بەڵام باسی لە تاوانەکانی رژێمی ئیسرائیل و تیرۆریستان نەکرد، کە بوونە هۆی کوژرانی زیاتر لە 17 هەزار هاووڵاتیی ئێرانی.
هۆکاری سەرەکی ئەم قسانەی ترەمپ ساویلکەیی و بێزانیاریی خەڵکی ئێرانە، ئەگەر ترەمپ چاوی لە مێژوو و راستییەکان بکردایە، دەیبینی کە ئێران بە هیچ شێوەیەک بەدوای چەکی ئەتۆمیدا نییە و نابێت. ئەم هەڵوێستانە چەندینجار لەلایەن بەرپرسانی ئێران و سەرکردایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دووپاتکراوەتەوە، بەڵام ترەمپ و رژێمی ئیسرائیل لە دانوستانە ئەتۆمییەکاندا شکستیان هێناوە، بۆیە لە جیاتی راستییەکان، لەسەر بنەمای زانیاریی ناڕاست و هەڕەشەی دەکەن.
بەرە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی شوباتی 2026، دۆناڵد ترەمپ لەبەردەم کۆنگرێس یەکەم گوتاری ساڵانەی خولی دووەمی سەرۆکایەتی پێشکەش کرد و پەیامێکی توندی ئاراستەی تاران کرد و گوتی: "باشترە کێشەکان لە رێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکرێن، بەڵام خاڵێک روونە؛ هەرگیز رێگە نادەم گەورەترین پاڵپشتیکاری تیرۆر لە جیهاندا، ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئەمەش رەنگە ئەو پەیامەبێت کە تا ئێستا ئێرانییەکان نەیانبیستووە."
گوتیشی "ئێران هەوڵی پەرەپێدانی توانا مووشەکییەکانی دەدات، بە مەرامی ئەوەی مووشەکەکانی بگەنە ئەمریکا، بەڵام من ئامانجمە، ئەم کێشەیە لە رێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکەم".