رووسیا زیندانییە داعشەکانی لە عێراق دەگەڕێنێتەوە

حکوومەتی رووسیا رەزامەندیی دەربڕی لەسەر وەرگرتنەوەی ئەو هاووڵاتییانەی خۆی کە بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیرکراون و لە زیندانەکانی عێراقدان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی شوباتی 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، عەبدولکەریم هاشم مستەفا، باڵیۆزی عێراق لە مۆسکۆ، لەگەڵ ئیگۆر نیکۆلیاڤیچ زوبۆڤ، وەزیری دەوڵەت و جێگری وەزیری ناوخۆی رووسیا لە بارەگای وەزارەتی ناوخۆی رووسیا کۆبووەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، باڵیۆزی عێراق بانگهێشتنامە و خواستی حکوومەتی عێراقی گەیاندووەتە حکوومەتی رووسیا بۆ وەرگرتنەوەی ئەو هاووڵاتییانەی کە چەکداری رێکخراوی داعشن و لە زیندانەکانی عێراقدا راگیراون، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەغدا دێت بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتەکانی خۆیان بەمەبەستی پاراستن و بەردەوامیی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی و نێودەوڵەتی، لای خۆیەوە، جێگری وەزیری ناوخۆی رووسیا ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕیوە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو زیندانییانەی هەڵگری رەگەزنامەی رووسین، ئەوەش دوای دڵنیابوونەوە لە هاووڵاتیبوونیان.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باڵیۆزی عێراق داوای کردووە ئاسانکاری بکرێت لە پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییان و سەرمایەدارانی عێراقی کە دەیانەوێت سەردانی رووسیا بکەن، بۆ ئەوەی ببێتە هۆی بووژاندنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاری و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات.

لە بەرامبەردا، ئیگۆر نیکۆلیاڤیچ زوبۆڤ، ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەسەر بنەمای تێبینییەکانی باڵیۆزی عێراق، هەروەها جەختی لە هەماهەنگیکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووەتەوە بۆ کردنەوەی کەناڵی پەیوەندیی راستەوخۆ لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق بەمەبەستی خێراکردن و ئاسانکاریی رێکارەکان، و بەهێزکردنی هاریکاریی راستەوخۆ لە پرسە هاوبەشەکاندا کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات دەکات.

بەگوێرەی رێککەوتنێکی نێوان ئەمریکا و عێراق لە 31 کانوونی دووەمی 2026، زیاتر لە پێنج هەزار زیندانی داعش لە سووریاوە گواسترانەوە عێراق و دادگایی دەکرێن.