وەزارەتی ناوخۆی سووریا هەڵاتنی بەکۆمەڵی خێزانەکانی داعش لە کامپی هۆڵ پشتڕاست دەکاتەوە
وەزارەتی ناوخۆی سووریا بە فەرمی پشتڕاستی کردەوە، بەهۆی نەبوونی چاودێری و کرانەوەی دەرگاکان، ژمارەیەکی زۆر لە خێزان و کەسوکاری چەکدارانی داعش توانیویانە لەو کامپە هەڵبێن.
چوارشەممە، 25ی شوباتی 2026، نوورەدین ئەلبابا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پشتڕاستی کردەوە کە مانگی ڕابردوو و دوای کشانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ژمارەیەکی زۆر لە کەسوکاری گومانلێکراوانی سەر بە ڕێکخراوی داعش لە کامپی هۆڵ هەڵاتوون.
ڕایگەیاند: کاتێک هێزەکانمان گەیشتنە شوێنەکە، حاڵەتی هەڵاتنی بەکۆمەڵیان بەدی کرد، ئەمەش بەهۆی ئەوەی دوای کشانەوەکان کامپەکە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی کراوەتەوە.
هەسەدە ڕۆژی سێشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2026، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردبووەوە و ڕەخنەی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرتووە کە بەرانبەر بە هێرشی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بێدەنگە و ئاماژەی داوە، بەهۆی هەڵوێستی بێباکی نێودەوڵەتی جددی نەبوونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە چارەسەرکردنی پرسی داعش و هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتیی ، ناچاربوون هێزەکانی هەسەدە لە کەمپی هۆڵ بکشێنەوە و دووبارە لەو شارانەی باکووری سووریا جێگریان بکەنەوە، کە کەوتوونەتە بەردەم مەترسی و زیاتربوونی هەڕەشەکان.
هەروەها رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ، هۆشداری دەدات لە چارەنووسی نادیاری نزیکەی هەشت هەزار و 500 بەندکراو، دوای داخستنی کەمپی هۆل و راگەیاندنی نزیکبوونەوەی داخستنی کەمپی رۆژ لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا.
رێکخراوەکە لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، هەردوو کەمپی هۆل و رۆژ تا ناوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمی رابردوو نزیکەی 28 هەزار کەسیان تێدابووە، کە زیاتر لە 12 هەزار کەسیان بیانی بوون و خەڵکی زیاتر لە 60 وڵاتی جیاوازن، جگە لە هەزاران هاووڵاتی عێراقی.
دوێنێ سێشەممە 24ـی شوباتی 2026، یاداشتێکی ناوخۆیی یەکێتیی ئەوروپا کە لەلایەن سەرۆکایەتی قوبرسەوە ئاراستەی وڵاتانی ئەندام کراوە، مەترسییەکی ئەمنی گەورە لەبارەی هەڵاتنی هەزاران کەس لە کەمپی هۆل لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ئاشکرا دەکات و ئاماژە بەوە دەدات، گرووپە تیرۆریستییەکان دەتوانن ئەم دۆخە بۆ مەرامی ڕێکخستنەوە و زیادکردنی هەوڵەکانی تەکاندن بەکاربهێنن.
یەکشەممە 22ـی شوباتی 2026، حکوومەتی سووریا چۆڵکردن و داخستنی هەمیشەیی کەمپی هۆلی راگەیاند، کە تایبەت بوو بە حەواندنەوەی خێزانی چەکدارانی داعش. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات پاشماوەی دانیشتووانی کەمپەکە بۆ کەمپەکانی گوندی حەلەب لە باکووری سووریا گواسترانەوە.