کۆنفرانسی تایبەت لە پەرلەمانی ئەوروپا دەربارەی رۆژئاوای کوردستان و پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا بەڕێوەدەچێت
بە بەشداریی کەسایەتییە هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی ئیدارەی خۆسەر، ئەندامێکی شاندی ئیمراڵی و فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان، ئەمڕۆ پەرلەمانی ئەوروپا لە دانیشتنێکی تایبەتدا وردەکاریی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق و ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا تاوتوێ دەکات.
بەپێی زانیارییەکانی بارزان حەسەن، پەیامنێری کوردستان24، ئەمڕۆ چوارشەممە 25ـی شوباتی 2026، پەرلەمانی ئەوروپا میوانداری کۆنفرانسێکی تایبەت دەکات کە تێیدا دۆخی رۆژئاوای کوردستان، پەیوەندییەکانی نێوان هەسەدە و دیمەشق، و پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان بە وردی تاوتوێ دەکرێن.
ئەم کۆبوونەوەیە لەلایەن گرووپی هاوپەیمانی سۆسیالیست و دیموکراتەکان لە پەرلەمانی ئەوروپا رێکخراوە و چەندین کەسایەتی سیاسی و سەربازیی دیاری کورد تێیدا بەشدارن و وتار پێشکەش دەکەن.
لە کۆبوونەوەکەدا سێ کەسایەتی دیار قسە لەسەر پرسە هەستیارەکانی ناوچەکە دەکەن, ئەوانیش ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی ئیدارەی خۆسەر، بڕیارە وردەکاریی دانوستان و رێککەوتنەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی دیمەشق بخاتە روو. هەروەها تیشک دەخاتە سەر هەوڵە سیاسییەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانە و کۆتاییهێنان بە قەیرانی سووریا.
هەروەها میتحەت سانجار، ئەندامی شاندی ئیمراڵی و سیاسەتمەداری باکووری کوردستان، باس لە دۆخی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەکات. ناوبراو شرۆڤەی ئەو ئاستەنگانە دەکات کە لەبەردەم دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لە نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و حکوومەتی تورکیا دروست بوون و رێگاکانی چارەسەر دەخاتە روو.
هەر لە کۆنفرانسەکە، رۆهلات عەفرین، فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، سەرنج دەخاتە سەر بابەتی تێکەڵبوونی هێزەکانی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا و کاریگەرییەکانی لەسەر دۆخی ئەمنی ناوچەکە. هەروەها رۆڵی ژنان لە گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییەکانی رۆژئاوای کوردستان بەرز دەنرخێنێت.
ئەم کۆنفرانسە لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاری گۆڕانکاریدا تێدەپەڕێت و چاوەڕوان دەکرێت دەرئەنجامەکانی ئەم گفتوگۆیانە کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بەرانبەر بە دۆسیەی کورد لە سووریا و تورکیا هەبێت.