وەزارەتی دەرەوەی عومان: لەگەڵ ئێران تاوتوێی پێشنیازی رێککەوتنمان کرد
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی شوباتی 2026، وەزارەتی دەرەوەی عومان رایگەیاند؛ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران چەند پێشنیازێکی نوێیان سەبارەت بە رێککەوتنی ئەتۆمی تاوتوێ کردووە.
عومان کە هەمیشە وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی لە نێوان ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا دەبینرێت، ئاماژەی بەوە کردووە، هەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ دۆزینەوەی زەمینەیەکی هاوبەش. وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە رایگەیاند: "بە بایەخەوە لەگەڵ لایەنی ئێرانی تاوتوێی پێشنیازەکانی تایبەت بە رێککەوتنی ئەتۆمیمان کردووە."
لە بەشێکی دیکەدا وەزارەتەکە دەڵێت: "عومان بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی پرۆسەی دیپلۆماسی و هەوڵدەدات بۆ "لێکنزیککردنەوەی دیدگاکانی نێوان ئەمریکا و ئێران"، ئەمەش بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی کە سەقامگیری ناوچەکە بپارێزێت.
ئەم جموجۆڵە نوێیەی عومان لە کاتێکدایە چاودێرانی سیاسی چاوەڕوانی هەنگاوی کردەیی لە نێوان تاران و واشنتن دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.