دانوستانی ئەمریکا و ئێران لە جنێڤ دەستیپێکرد

ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی شوباتی 2026، گەڕێکی دیکەی دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە جنێڤی سویسرا دەستیپێکرد.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران سەرۆکایەتیی شاندی دانوستانکاری وڵاتەکەی دەکات؛ شاندی دانوستانکاری ئەمریکیش لە لایەن ستیڤ ویکتۆف، نێردەی سەرۆکی وڵاتەکەوە سەرۆکایەتیی دەکرێت.

دانوستانەکان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ  و بە نێوەندگیریی بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان بەڕێوەدەچن. چاوەڕێ دەکرێت، لە گەڕەدا، ئێران پێشنیازێکی رێککەوتن لەبارەی پرسی ئەتۆمی رادەستی لایەنی ئەمریکی بکات. 

ئەمە گەڕی هەشتەمی دانوستانی ئەمریکا و ئێرانە لە سەردەمی ئیدارەی دووەمی دۆناڵد ترەمپ. هەردوولا سەرباری جەختکردنەوە لە دانوستان، زمانی هەڕەشەیش بەکاردەهێنن. بەر لە سەردانەکەی بۆ جنێڤ وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا هێرشیان بکاتە سەر، تەواوی بنکەکانی ئەو وڵاتە لە وڵاتانی دراوسێ و عەرەبی دەکەنە ئامانج.

لەلایەکی دیکەوە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، چەکەکانی ئێران بە تایبەت بۆ هێرشکردنە سەر ئەمریکا و ئەمریکییەکان دیزاین کراون، بۆیە دانوستانەکانی جنێڤ تەنیا دۆسیەی ئەتۆمی ناگرنەوە. 

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەوەشی خستە روو، هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ چارەسەری دیپلۆماسییە، بەڵام ئێران هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئەمریکا.

هاوکات ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روونی کردەوە، هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بکرێت دەبێت تاوەکوو کاتێکی نادیار بەردەوام بێت.

پێگەی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ لیژنەی کاروباری گشتیی ئیسرائیل-ئەمریکا ناسراو بە "ئایپاک" رایگەیاندووە، هەر رێککەوتنێک سەبارەت بە پڕۆگرامی ئەتۆمیی ئێران بکرێت نابێت رێکەوتی بەسەرچوونی هەبێت. 

ستیڤ ویتکۆف ئاماژەی بەوە دا، لە دانوستانەکانی ئێستای ئەمریکا و ئێران سەرنج لەسەر پڕۆگرامی ئەتۆمییە، لە کاتی گەیشتن بە رێککەوتن لە داهاتوودا پرسی پڕۆگرامی مووشەک و میلیشیاکانی سەر بە ئێران دەخرێتە سەر مێزی گفتوگۆ.