حزبوڵڵای عێراقی نیازی خۆی لەبارەی ھێرشكردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریكا ئاشكرا دەكات

"ھێشتا کاتی ئەوە نییە حکومەتی عێراق بڕووخێنن"

ئاڵای حزبوڵڵای عێراقی لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق - كاتی ھێرشكردنە سەر باڵیۆزخانە - 31/12/2019
ئاڵای حزبوڵڵای عێراقی لەبەردەم باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە عێراق - كاتی ھێرشكردنە سەر باڵیۆزخانە - 31/12/2019

K24 - ھەولێر

حزبوڵڵای عێراقی رایگەیاند، نیازی چوونە ناو باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایان نییە.

حزبوڵڵای عێراقی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، لە ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس دا، نیازی چوونە ناو باڵیۆزخانەی ئەمەریکا و رووخاندنی حکومەتی عێراقیان نییە.

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا حزبوڵڵای عێراقی، رەتیدەکاتەوە چەک رادەستی هیچ لایەنێک بکات و هەڕەشە لە هەر هەوڵێکی لەم جۆرە دەدات. پێی وایە، جارێ کاتی ئەوە نییە حکومەت بڕووخێنن و بچنە نێو باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ناوچەی سەوز.

ئەمە لەكاتێكدایە ئەمڕۆ لە ساڵیادی كوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبومەھدی موھەندیس ئەندام و لایەنگرانی لایەنە شیعە لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا خۆپیشاندان دەكەن. ھاوكات لە چەند شارێكی ئێران رێوڕەسمی تایبەت بەو بۆنەیەوە بەڕێوەدەچێت.

Fly Erbil Advertisment