وەزارەتی کشتوکاڵ، سەبارەت بە بەرهەمی کێڵگە پەلەوەرییەکان دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە کە باس لە بەکارهێنانی دەرمانی قەدەغەکراو لە کێڵگە پەلەوەرییەکاندا دەکەن. وەزارەتەکە وێڕای دڵنیاکردنەوەی هاووڵاتییان لە سەلامەتیی بەرهەمە خۆماڵییەکان، رایدەگەیەنێت، کە هەڵمەتێکی چڕی پشکنینیان بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان دەست پێکردووە و هەر کەسێک ماددەی قەدەغەکراو بەکار بهێنێت، ڕووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەبێتەوە.

پێنجشەممە، 26ـی شوباتی 2026، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بۆ رای گشتی، جەختی لە گرنگیی کەرتی پەلەوەر کردەوە وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکیی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان، کە رۆڵێکی کاریگەری لە دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و ڕەخساندنی هەلی کاردا هەیە. 

وەزارەتەکە نیگەرانیی خۆی نیشان داوە سەبارەت بەو دەنگۆیانەی لەم دواییانەدا بڵاوبوونەتەوە دەربارەی بەکارهێنانی جۆرێک لە ڤاکسین و دەرمانی قەدەغەکراو، کە بووەتە هۆی دروستکردنی دڵەڕاوکێ لەنێو هاووڵاتییان و زیانگەیاندن بە بازاڕی بەرهەمە ناوخۆییەکان.

بە پێی راگەیەنراوەکە، مامەڵەکردن بە هەموو جۆرە دەرمان و ڤاکسینێکی ڤێتێرنەری و پێدانی مۆڵەتی هاوردەکردن، بەپێی ڕێنماییەکانی ژمارە (1) و (4)ـی ساڵی 2022 رێکخراوە.

وەزارەتی کشتوکاڵ هۆشداریی توند دەداتە سەرجەم خاوەن پرۆژەکانی (ئاژەڵداری، پەلەوەر و ماسی) و کۆمپانیا و کۆگاکانی دەرمانی ڤێتێرنەری، کە بە هیچ شێوەیەک دەستیان نەچێتە بەکارهێنانی ئەو ماددانەی کە لە لیستی قەدەغەکراوەکاندان. وەزارەتەکە جەخت دەکاتەوە کە هەر لایەنێک پابەند نەبێت، رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی و داخستنی شوێنکارەکەی دەبێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی ڤێتێرنەری، لیژنەکانی قایمقامییەت و هێزە ئەمنییەکان راسپێردراون کە بە هەماهەنگیی تەواو، چاودێریی وردی بازاڕ و کێڵگەکان بکەن. مەبەست لەم هەنگاوە دەستبەسەرداگرتنی هەر جۆرە دەرمانێکی قەدەغەکراو یان بێ مۆڵەتە. وەزارەت روونی کردووەتەوە، کە بە پشتیوانیی هێزی یاسا، هەر کەسێک دەستی لەم کارە نایاساییانەدا هەبێت، دەستگیر دەکرێت.

سەبارەت بەو حاڵەتانەی کە تۆمار کراون، وەزارەت ئاشکرای کرد، کە ژمارەیەک کەسی دیاریکراو کە جۆرێک لە دەرمانی قەدەغەکراویان بەکارھێنابوو، دەستگیر کراون و رێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر، بەڵام ئەمە بەو واتایە نایەت کە گشتاندن بۆ هەموو کێڵگەکان بکرێت.

وەزارەتی کشتوکاڵ دڵنیایی دەداتە هاوڵاتییان کە بەرهەمی کێڵگە پەلەوەرییەکانی کوردستان لەژێر چاودێریی وردی لیژنە پزیشکی و ڤێتێرنەرییەکاندا دەخیرێنە بازاڕەوە و شیاون بۆ خواردن.

وەزارەتەکە لە کۆتاییدا داوا لە دەزگاکانی راگەیاندن کردووە، کە بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا بکەن و دوور بکەونەوە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک کە ببێتە هۆی تێکدانی دۆخی دەروونیی هاووڵاتییان و زیانگەیاندن بە ئابووریی نیشتمانی.