ئەلبوسەعیدی: دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران پێشکەوتنی گرنگیان بەخۆوە بینیوە
"ئەمریکا و ئێران بە (پێشکەوتنی گرنگ)ـەوە بەرەو ڤیەننا دەچن"
وەزیری دەرەوەی عوممان، دوای کۆتاییهاتنی هەردوو قۆناغی گەڕی سێیەمی دانوستانەکان لە جنێڤ رایگەیاند: کە گفتوگۆکانی نێوان واشنتن و تاران "پێشکەوتنی گرنگ"یان بەدەستهێناوە و هەفتەی داهاتوو لە ڤیەننا درێژەیان دەبێت.
ئێوارەی پێنجشەممە، 26ـی شوباتی 2026، بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان، لە پەیامێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، کە لە شاری جنێڤ بەڕێوەچوو، بە بەدەستهێنانی "پێشکەوتنی گرنگ" کۆتایی هاتووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا، "گفتوگۆکان لەسەر ئاستی تەکنیکی هەفتەی داهاتوو لە شاری ڤیەننا، کە بارەگای ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لێیە، ئەنجام دەدرێن."
هەروەها سوپاسی هەوڵەکانی شاندە دانوستانکارەکان، ئاژانسی وزەی ئەتۆمی و حکوومەتی سویسرای میوانداری کردووە.
هاوتەریب لەگەڵ لێدوانە گەشبینەکانی عوممان، ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم" بە گواستنەوە لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێرانەوە رایگەیاند: "پرسی گواستنەوەی کەرەستە و ماددە پیتێنراوەکانی ئێران بۆ دەرەوەی وڵات، بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە و بنبڕ رەت کراوەتەوە و بە هیچ شێوەیەک گواستنەوە ئەنجام نادرێت."
ئاژانسەکە سەبارەت بە دیدارەکەی نێوان عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمەریکا، ئاشکرای کردووە کە کۆبوونەوەکە تەنیا "لە چوارچێوەی گفتوگۆی دیپلۆماسیدا" بووە و کورت کراوەتەوە بۆ تەوقەکردن و ئاڵوگۆڕی سڵاو.
لە لایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی "ئەکسۆیس"ـی ئەمریکی بڵاویکردەوە، کە هەریەک لە جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف، نێردەکانی کۆشکی سپی، "نائومێدی و بێهیوایی" خۆیان نیشان داوە بەرامبەر بەو وەڵامانەی لە دانیشتنی بەیانیاندا لە لایەنی ئێرانییەوە گوێبیستی بوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی شوباتی 2026، بە دوو قۆناغ گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی نێوان شاندەکانی ئەمریکا و ئێران بەڕێوە چوون.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، وردەکاریی کۆبوونەوە و دانوستانەکانی ئەمڕۆی لەگەڵ لایەنی ئەمەریکی خستە روو و ئاستی گفتوگۆکانی بە "بەرز و ئەرێنی" وەسف کرد.
عێراقچی گوتی: "بڕیارە دووشەممەی داهاتوو لە ڤیەننا دانوستانی تیمەکانی تەکنیکی نێوان هەردوو وڵات دەست پێبکات. ئاماژەی بەوەش دا، کە لە دانوستانەکانی ئەمڕۆدا "پێشکەوتنی بەرچاو" بە دی هاتووە، هەروەها لە ماوەی ئەو کاتە زۆر و درێژەدا، پێشکەوتنی باشمان بە دەست هێنا و بە جیددی چووینە ناو بنەماکانی رێککەوتن.
وەزیری دەرەوەی ئێران، جەختی لە گرنگیی ناوەرۆکی دانوستانەکان کردەوە و گوتی: "ئەمە یەکێک بوو لە جیددیترین، گرنگترین و باشترین ئەو گفتوگۆیانەی کە لە مێژووی دانوستانەکانماندا لەگەڵ ئەمریکا ئەنجاممان داون".