سادق زیباکەلام: نە خامنەیی و نە ترەمپ مەیلی جەنگیان نییە
دکتۆر سادق زیباکەلام، بیرمەندی ئێرانی و مامۆستای زانکۆی تاران دەڵێت"هەرچەندە بەهۆی رووداوەکانی ئەم دوایەی ناوخۆی ئێرانەوە، خەڵکێکی زۆری ئەم وڵاتە حەز دەکەن جەنگ رووبدات، بەڵام نە خامنەیی و نە ترەمپ مەیلیان بۆ جەنگ نییە.
سادق زیباکەلام لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، میوان ژینۆ محەممەد بوو، لە بارەی دانوستانی جنێڤ و کۆکردنەوەی ئەو هێزە گەورەیەی سەربازانی ئەمریکا لە ناوچەکە، گوتی "ئەمریکا ئەم هێزانەی هێناوەتە ناوچەکە، هێزی زیاتریش دەهێنێت، ئەگەر ئەو هێزە زەبەلاحە بەبێ ئەنجام و دەستکەوت لە ناوچەکە بکشێتەوە، بۆ ترەمپ شەرمەزارییە، بەڵام مەبەستی ترەمپ لە هێنانی هێز، دروستکردنی فشارە بۆ سەر ئێران، تا ناچار بە سازشی بکات، هەرچەندە دیار نییە ئاخۆ ئێران خۆی رادەست دەکات و بە مەرجەکانی ئەمریکا رازی دەبێت یان نە.
گوتیشی: "ئەگەر جەنگ هەڵگیرسێت، کە هیوادارم روونەدات، نابێتە هۆی لەناوچوونی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران، یان بە تەنیا جەنگێک بێت لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل بەرانبەر بە ئێران، بەڵکو دەبێتە وێرانبوونی ناوچەکە و خراپتربوونی دۆخی ئابووری و گوزەرانی خەڵکی ئێران بە گشتی".
زیباکەلام گەشبینە بەوەی دانوستانەکان ئەنجامیان دەبێت و جەنگ روونادات و گوتی: لەم دانوستانانەدا دوو کەسایەتی سەرەکی بڕیاردەرن، لە ئێران رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی، لەلایەنی ئەمریکاش دۆناڵد ترەمپ و کەسە نزیکەکانی، بەڵام من باوەڕی تەواوم بەوەیە کە ترەمپ بەدوای شەڕدا ناگەڕێت، نایەوێت شەڕ بکات، هەوڵی خۆی دەدات بۆ ئەوەی بە هەر شێوەیەک بێت رێککەوێت و کێشەکان چارەسەر بکات؛ تارانیش بە هیچ شێوەیەک نایەوێت رووبەڕووبوونەوەی سەربازی و شەڕ رووبدات، چونکە دەزانێت هیچ دەستکەوت و سەرکەوتنێکی تێدا نییە بۆ ئێران، هیچ ئەگەرێکیش نییە بۆ ئەوەی ئێران جەنگەکە بباتەوە، بۆیە من باوەڕی تەواوم هەیە، سەرەڕای هەموو ئەو هێزەی ئەمریکا لە ناوچەکە کۆی کردووەتەوە، بەڵام نە تاران نە واشنتن شەڕیان ناوێت.
دکتۆر سادق زیباکەلام پێی وایە ئەگەر ئێران و ئەمریکا رێککەوتن بکەن، ئەو کاتە رێککەوتنەکە بۆ ئەو بەشە کەمینەی لایەنگرانی دەسەڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامی ئێرانن، دەبێتە پرسیار و دەڵێن؛ باشە کە هەر رێکدەکەوتن، بۆچی 47 ساڵە ئەم هەموو سەروەت و سامانەی وڵاتان بە هەدەر دراوە، خوێنی سەدان هەزار گەنجی ئێران فەرامۆشکرا.