ئایشەگوڵ دۆغان: پەیامی ئۆجەلان دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە

دوای راگەیاندنی پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، گوتەبێژی دەم پارتی قسەی بۆ پەیامنێری کوردستان24 کرد و جەختی لەوە کردەوە، پێویستە حکوومەتی تورکیا هەنگاوی کردەیی بنێت و تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستیان بە بانگەوازەکەی ئۆجەلان هەیە.

ئەمڕۆ هەینی 27ـی شوباتی 2026، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان(دەم پارتی) لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، گوتی: چاوەڕێی هەنگاوی یاسایی بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی دەکەین و هەروەها پێویستە بەرپرسانی تورکیا هەنگاوی یاسایی بگرنەبەر، ئەم بانگەوازە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، چونکە کۆمەڵگەی تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەراست پێویستی بەم بانگەوازە هەیە، هەروەها پێشنیازێکی چارەسەری لە بانگەوازەکەدا هەیە، دوای بانگەوازەی یەکەمی ئۆجەلان، پەکەکە هەنگاوی باشی ناوە، چەکدانانی پەکەکە و خۆ هەڵوەشاندنەوەی لە دوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان بڕیاری تاکتیکی نین، بەڵکوو ستراتیژین.

گوتیشی، هەنگاوی یەکەم پەکەکە چەکی دانا، بەڵام هەنگاوی دووەم دەستپێدەکات، کە هەنگاوی یاساییە لەلایەن دەوڵەتەوە، هەر لە پەیامەکەی ئۆجەلان روونکراوەتەوە کە پرۆسەکە تەنیا بە لایەنێک ناکرێت، چاوەڕێین قۆناغێکی نوێ دەستپێبکات.

گوتەبێژی دەم پارتی ئاماژەی بەوە دا، دەمانەوێت پرۆسەکە بە ئامانج بگات و سەربکەوێت، ئەو میکانیزمانەی پێویستن دەبێت حکوومەت بیانگرێتەبەر، نەک لە رێگەی دەزگاکانی راگەیاندنەوە باس بکرێت، دەبێت بابەت و کاری سەرەکی وەزیری داد سەرخستنی پرۆسەکە بێت و هەنگاوی کردەیی بنرێت و چەک دانانی پەکەکە بەردەوام بێت و نەوەستێت.

هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەو کەسانەی چەکەکانیان داناوە، دەبێت دەرچەیەکی یاسایی دابنرێت بۆ ئەوەی بتوانن بە ئازادی و بەبێ گرفت بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، ئەمڕۆ هەینی 27ـی شوباتی 2026، پەیامێکی نوێی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: تورک بەبێ کورد، کوردیش بەبێ تورک نابن، ئەم دیالەکتیکی پەیوەندییە خاوەن کارەکتەرێکی مێژوویی رەسەنە، نووسینە بنەڕەتییەکانی سەردەمی دامەزراندنی کۆمار، یەکێتیی تورک و کوردیان نیشان دەدا.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، ئێستا دەبێت لە قۆناغی نەرێنییەوە تێپەڕین بۆ قۆناغی ئەرێنیی بنیادنان، رێگە لەبەردەم سەردەم و ستراتیژێکی نوێی سیاسەت دەکرێتەوە، ئامانجمان ئەوەیە کە سەردەمی سیاسەتی توندوتیژی کۆتایی پێ بهێنین و پرۆسەیەک لەسەر بنەمای کۆمەڵگەی دیموکراتیک و سەروەریی یاسا بکەینەوە، داوا لە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە دەکەین کە لەم بوارەدا دەرفەت بخوڵقێنن و بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ.

ئۆجەلان باسی لەوەش کرد، هاوڵاتیبوون دەبێت لەسەر بنەمای پەیوەندی بە دەوڵەتەوە بێت، نەک لەسەر بنەمای سەر بە نەتەوەیەک بوون. ئێمە بەرگری لە هاوڵاتیبوونێکی ئازاد دەکەین کە ئازادیی ئایین، نەتەوە و بیروڕا دەخاتە پێشەوە. چۆن ئایین و زمان ناسەپێنرێن، دەبێت نەتەوەبوونیش نەسەپێنرێت.