وەزیری دەرەوەی عومان لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبێتەوە
رۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، وەزیری دەرەوەی عومان و جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ تاوتوێکردنی پرسی ئێران کۆدەبنەوە
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوی کردووەتەوە، بڕیارە ئەمڕۆ هەینی 27ـی شوباتی 2026، بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، لە واشنتن لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کۆببێتەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکە، ئەم کۆبوونەوەیە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک گفتوگۆدایە کە ئامانجیان رێگریکردن و دوورخستنەوەی ئەگەری هێرشی ئەمەریکایە بۆ سەر ئێران.
ئەم هەوڵە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە جموجۆڵ و کۆکردنەوەی هێزێکی سەربازیی گەورە لە ناوچەکەدا دەبینرێت، کە نیگەرانییەکانی لە هەڵگیرسانی جەنگ زیاد کردووە.
دوێنێ پێنجشەممە، 26ـی شوباتی 2026، بە دوو قۆناغ گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی نێوان شاندەکانی ئەمریکا و ئێران بەڕێوە چوون.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، وردەکاریی کۆبوونەوە و دانوستانەکانی لەگەڵ لایەنی ئەمەریکی خستە ڕوو و ئاستی گفتوگۆکانی بە "بەرز و ئەرێنی" وەسف کرد.
عێراقچی گوتی: "بڕیارە دووشەممەی داهاتوو لە ڤیەننا دانوستانی تیمەکانی تەکنیکی نێوان هەردوو وڵات دەست پێبکات. ئاماژەی بەوەش دا، کە لە دانوستانەکانی "پێشکەوتنی بەرچاو" بە دی هاتووە، هەروەها لە ماوەی ئەو کاتە زۆر و درێژەدا، پێشکەوتنی باشمان بە دەست هێنا و بە جیددی چووینە ناو بنەماکانی ڕێککەوتن.
لە لایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی ئەکسۆیسی ئەمریکی بڵاوی کردبووەوە، کە هەریەک لە جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف، نێردەکانی کۆشکی سپی، "نائومێدی و بێهیوایی" خۆیان نیشان داوە بەرامبەر بەو وەڵامانەی لە دانیشتنی بەیانیاندا لە لایەنی ئێرانییەوە گوێبیستی بوون.