وەزیری دەرەوەی عومان: ئاشتی لەنێوان ئەمریکا و ئێران نزیکە

جێگری سەرۆکی ئەمریکا و وەزیری دەرەوەی عومان لە واشنتن کۆبووەنەوە و سەرنجیان خستووەتە سەر وردەکارییەکانی دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان واشنتن و تاران و ئەو پێشکەوتنانەی تا ئێستا بەدیهاتوون.

بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: ئەمڕۆ هەینی 27ی شوباتی 2026، لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کۆبوومەوە و وردەکاریی دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران و ئەو پێشکەوتنانەی تا ئێستا بەدیهاتوون، گفتوگۆمان لەبارەوە کرد.

ئەلبوسەعیدی وێڕای دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ بەشداریی لایەنی ئەمریکی لە پرۆسەکەدا، ئاماژەی بەوەش کرد: چاوەڕوانی پێشکەوتنی زیاتر و بڕیارنەدەرین لە ڕۆژانی داهاتوودا.

وەزیری دەرەوەی عومان گەشبینی خۆی بۆ کۆتاییهاتنی ئاڵۆزییەکان نیشان دا و نووسیویەتی: "ئاشتی لە بەردەستماندایە و نزیکە."

دوێنێ پێنجشەممە، 26ی شوباتی 2026، بە دوو قۆناغ گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی نێوان شاندەکانی ئەمریکا و ئێران بەڕێوە چوون.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، وردەکاریی کۆبوونەوە و دانوستانەکانی لەگەڵ لایەنی ئەمەریکی خستە ڕوو و ئاستی گفتوگۆکانی بە "بەرز و ئەرێنی" وەسف کرد.

عێراقچی گوتی: "بڕیارە دووشەممەی داهاتوو لە ڤیەننا دانوستانی تیمەکانی تەکنیکی نێوان هەردوو وڵات دەست پێبکات. ئاماژەی بەوەش دا، کە لە دانوستانەکانی "پێشکەوتنی بەرچاو" بە دی هاتووە، هەروەها لە ماوەی ئەو کاتە زۆر و درێژەدا، پێشکەوتنی باشمان بە دەست هێنا و بە جیددی چووینە ناو بنەماکانی ڕێککەوتن.