عێراق و داھاتووی پڕۆژەی سیاسی پێكھاتەی عەرەبی شیعی
"2021 ساڵی داڕمانی پڕۆژەی سیاسی پێكھاتەی عەرەبی شیعی دەبێت لە عێراق"

K24 – ھەولێر:
پسپۆڕانی سیاسی و چاودێران رایدەگەیەنن، بەهۆی ململانێی ئیقلیمی، خراپی دۆخی ئابووری، ئەمنی، کارنەکردن بە سیستەمی فیدراڵی و نەمانی تەوافوقی سیاسی، ساڵی 2021، ساڵی داڕمانی پڕۆژەی سیاسی پێكهاتەی عەرەبی شیعی دەبێت لە عێراق. دەشڵێن: عێراق پێویستی بە هیچ لایەنێكی دوژمنكار نییە بۆ ئەوەی دەستێوەردان بۆ رووخاندنی وڵاتەكە بكات، چونكە هۆكارەكانی داڕووخانی ناوخۆیی زیاد لە پێویستن.
ساڵی 2021 بۆ عێراق سەخت دەبێت، بەرپرسانی باڵاش ھۆشداری لە داڕمانی ھەموو سیستەمی عێراق دەدەن، بەھۆی ململانیێ ئەمەریکا و ئێران و تەشەنەكردنی گەندەڵی و نەمانی تەوافقی سیاسی، بەڵام بەرچاوترین ھۆکار دەگەڕێتەوە بۆ دۆخە ئابوورییەکەی لە ئەنجامی چەندین ساڵ کەڵەکەبوونی گەندەڵی گەیشتووەتە ئەم دۆخە، پسپۆڕانیش داوا دەکەن عاقڵەکانی ناو پێکھاتەی عەرەبی شیعەی فەرمانڕەوا لە عێراق جێگرەوەیەکی مەدەنی پێشکەش بکەن.
سیستەمی سیاسی ئێستای عێراق فیدراڵییە، بەڵام کار بەو سیستەمە ناکرێت بە تایبەت لەلایەن شیعەکانەوە، کە زۆرینەی دەسەڵاتیان لایە، لە حاڵەتی داڕمانی ئەو سیستەمە سیاسیەی عێراق، چاوەڕێ و پێشبینی دەکرێت ئەو وڵاتە دابەش ببێت بۆ سێ پارچە، یان پێکھاتەکانی دیکەش کار بە ھەرێمی فیدراڵی بکەن.
سامان سۆرانی، چاودێری سیاسی گوتی: ھەرێمی کوردستان خۆی بۆ ھەر ئەگەرێکی لەو جۆرە ئامادە کردووە و لەو نێوەندەشدا بەبێ لایەنی دەمێنێتەوە.
ئەسیل نوجێفی، پارێزگاری پێشووی نەینەوا ھۆشداری دا و گوتی: ساڵی 2021، ساڵی داڕمانی پڕۆژەی سیاسی پێکھاتەی عەرەبی شیعییە لە عێراق.
پسپۆڕانی سیاسی و چاودێرانی دۆخی عێراقیش ھۆکارەکانی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، عێراق کار بە تەوافق ناکات و گەندەڵیش تا دێت زیاتر دەبێت ئەوان دەڵین: ئەگەر ھەیە ئەو سیستەمەی ئێستای عێراق دابەشی سێ ھەرێمی فیدراڵ ببێت.