ژمارەیەک باڵەخانەی نیشتەجێبوون لە بەحرێن کرانە ئامانج
وەزارەتی ناوخۆی بەحرێن رایگەیاند، چەندین باڵەخانەی نیشتەجێبوون لە پایتەختی وڵاتەکە کراونەتە ئامانجی بۆردومانەکان.
شەممە، 28ـی شوباتی 2026، وەزارەتی ناوخۆی بەحرێن، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ژمارەیەک باڵەخانەی نیشتەجێبوون لە شاری مەنامەی پایتەختی وڵاتەکە کراونەتە ئامانج.
وەزارەتەکە روونی کردووەتەوە، کە تیمەکانی بەرگریی شارستانی دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگر و ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنن لەو ناوچانەی زیانیان بەرکەوتووە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، لایەنە فەرمییەکانی بەحرێن ئاماژەیان بە هیچ ئامارێکی زیانی گیانی نەداوە و تەنیا باسیان لە زیانە ماددییەکان کردووە.
بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.