(10) وه‌زیری به‌رگری پێشووی ئه‌مه‌ریكا تره‌مپ ئاگادارده‌كه‌نه‌وه
"كاتی ئه‌وه به‌سه‌رچووه گومان له ئه‌نجامه‌كان بكرێت، ئێستا كاتی ئه‌ژماری ره‌سمیی ده‌نگدانه له‌سه‌ر ده‌سته‌ی هه‌ڵبژاردن"

K24- مینیسۆتا- ئه‌مه‌ریكا:
له‌كاتێكدا "دۆناڵد تره‌مپ" سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، له دواڕۆژی ئیداره‌كه‌یدا، پێشبڕكێیه‌تی له‌گه‌ڵ زه‌مه‌ندا، بۆ ئه‌وه‌ی جۆشی زیاتری داواكارییه‌كانی بدات له‌باره‌ی ساخته‌كاری له هه‌ڵبژاردن، (10) وه‌زیری به‌رگری پێشووی ئه‌مه‌ریكا هۆشداری ده‌ده‌ن، له‌وه‌ی سووپای ئه‌مه‌ریكا رۆڵی بێلایه‌نانه‌ی خۆی بپارێزێت.
ئه‌م (10) وه‌زیره‌ی پێشوو، له رێگه‌ی وتارێكه‌وه، له رۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆسته‌وه، رۆژی (3ی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایری 2021) نووسیویانه: "هه‌موو یه‌كێكمان سوێندمان خواردووه پاڵپشتی ده‌ستوور بین و دژی هه‌ر دو‌ژمنێك له ده‌ره‌وه و ناوه‌وه به‌رگری لێ بكه‌ین، ئێمه نابینه هاوپه‌یمانی هیچ كه‌س و هیچ حزبێك".
هه‌ر یه‌ك له (مارك ئسپیر، جێمس ماتس، ئاش كارته‌ر، تشاك هاگل، لیۆن بانیتا، دیك چینی، ولیام كۆهین، روبه‌رت گێتس، ولیام بیری، دۆناڵد رامسفیڵد) له‌وتاره‌كه‌یاندا گوتیان: "هه‌وڵه‌كان بۆ تێوه‌گلانی هێزه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له چاره‌سه‌ركردنی ململانێكانی هه‌ڵبژاردن، ئێمه ده‌خاته ناو بازنه‌یه‌كی ترسناك و نایاسایی و نا ده‌ستوورییه‌وه".
نووسینه‌كه‌ی ئه‌و (10) وه‌زیره، سه‌رزه‌نشتێكی نائاساییه بۆ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا دۆناڵد تره‌مپ.
ئه‌م (10) كه‌سایه‌تییه، كه دیموكراتی و كۆماری تێدایه، پێیانوایه له چوارچێوه‌یه‌كی دیاریكراودا گومانیان دروستكردووه له‌وه‌ی تره‌مپ ئاماده‌گی تێدا بێت ئه‌ركی ده‌ستووری خۆی ئه‌نجام بدات، تا به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه له (20ی یه‌نایری 2021)، ده‌ستبه‌رداری ده‌سه‌ڵات بێت.
له‌به‌رامبه‌ردا رۆژنامه‌نووسی به‌ئه‌زموون "سۆزان گلاسر"، له ستافی نووسینی (سی ئێن ئێن) و گۆڤاری (نیویۆركه‌ر) له تویتێكدا ئه‌وه‌ی ده‌ربڕیوه، ئه‌م نامه‌یه كاریگه‌ری ترسناك جێده‌هێڵێت، گوتی: "پرسیارێكی تێر و ته‌واو و نائارام ئه‌وه‌یه: بۆچی تێكڕای ئه‌م وه‌زیرانه‌ی پێشووی به‌رگری به‌ئاشكرا قسه‌ده‌كه‌ن، له ناویاندا هه‌ریه‌ك له ئسپیر و ماتیس؟"، " ئه‌وان ترسیان له‌باره‌ی چ سیناریۆیه‌ك هه‌یه و نائارامی كردوون؟".
هه‌روه‌ها جاكسۆن دێل، ستووننووس و نووسه‌ری سه‌روتاری كاروباری ده‌ره‌وه له رۆژنامه‌ی (واشنتۆن پۆست) له تویتێكدا نووسیویه‌تی: "بۆمبێكی دیكه: له بڵاوكراوه‌یه‌كی رای تایبه‌تدا، (10) وه‌زیری به‌رگری پێشوو، كه له ژیاندان، له ناویاندا دوانیان له‌سه‌رده‌می تره‌مپدا دامه‌زراون ده‌ڵێن، هه‌ڵبژاردن كۆتایی هات. هه‌روه‌ها هۆشداری ده‌ده‌ن، له‌وه‌ی هه‌ر كه‌س بۆ یه‌كلاكردنه‌وه سووپا به‌كاربهێنێت".
رۆژنامه‌ی هائارتس، له راپۆرتێكدا ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، له (3ی نۆڤێمبه‌ری 2020)ه‌وه تا ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر، به‌دواداچون بۆ ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه جیاكراوه‌كانی هه‌ندێك ویلایه‌ت كرا، هه‌روه‌ها وێڕای تانه‌ی یاسایی ناسه‌ركه‌وتوو، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كان روون و ئاشكران، كه‌چی تره‌مپ هێشتا ئه‌م دۆخه وه‌رناگرێت.
هه‌ربۆیه له ناو وتاره‌كه‌یاندا ئه‌و (10) وه‌زیره‌ی پێشوو نووسیویانه: "كاتی ئه‌وه به‌سه‌رچووه گومان له ئه‌نجامه‌كان بكرێت، ئێستا كاتی ئه‌ژماری ره‌سمیی ده‌نگدانه له‌سه‌ر ده‌سته‌ی هه‌ڵبژاردن، كه له ده‌ستوور و یاسادا به‌ده‌ق هاتووه".
به پێداگریشه‌وه، ئه‌و ترسه ده‌خه‌نه به‌رچاو و نووسیویانه: "به‌رپرسه مه‌ده‌نی و سه‌ربازییه‌كان، ئه‌گه‌ر ئه‌م ئاراسته‌یه بگرنه‌به‌ر یان جێبه‌جێكاری نموونه‌ی ئه‌م رێوشوێنه بن؛ ئه‌وا ده‌بێت ملكه‌چی یاسا بن و ده‌شێت رووبه‌ڕووی سزای تاوان ببنه‌وه".
یه‌ك له‌و هۆكارانه‌ی كه ئه‌و وه‌زیرانه، ترسیان لێی هه‌یه، رێگری له گواستنه‌وه‌ی ته‌واو و یاسایی كاره‌كانی وه‌زاره‌تی به‌رگری كراوه، به‌ر له رۆژی ده‌ستبه‌كاربوون، كه به‌شێكه له گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ سه‌رۆك بایدن. هه‌ربۆیه بایدن سكاڵای هه‌بوو له‌باره‌ی هه‌وڵی به‌رپرسانی پێنتاگۆن، كه له‌لایه‌ن تره‌مپ-ه‌وه بۆ درووستكردنی ئه‌م رێگرییه دامه‌زراون.
هه‌نگاوی تیۆریی ئه‌م (10) وه‌زیره‌ی پێشوو، هاوكاته له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی هه‌ڕه‌شه‌ئامێزی "دۆناڵد تره‌مپ" له "براد رافنسبیرگه‌ر"، به‌رپرسی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ویلایه‌تی جۆرجیا.
د.ی