داخستنی ئاسمانی عێراق 24 کاتژمێری دیکە درێژکرایەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی ئاداری 2026، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق، داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ ماوەی 24 کاتژمێری دیکە درێژکردەوە.

دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، داخستنی ئاسمانی عێراق بۆ ماوەی 24 کاتژمێری دیکە بەڕووی سەرجەم فڕۆکەکانی هاتوو و رۆشتن و ترانزێتەوە درێژکراوەتەوە، کە لە کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆی ئەمڕۆوە دەستپێدەکات تا کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆی سبەی دووشەممە، ئەمەش وەک رێکارێکی کاتی و خۆپارێزی.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم رێکارانە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی بەردەوامی دۆخی ئەمنی و پێشهاتەکانی دۆخەکە و گرژییە ناوچەییەکان دێت، هەروەها لەسەر بنەمای پێداچوونەوەیە بە داتا پەیوەندیدارەکان، لەگەڵ بڕیاری هەڵسەنگاندنی دووبارە بەگوێرەی هەر پێشهاتێکی نوێ.

لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەشکراوە کە هێڵەکانی ئاسمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەر نوێکارییەک ئاگادار دەکرێنەوە.