ئیسرائیل داوای چۆڵکردنی چەند ناوچەیەکی لوبنان دەکات

سوپای ئیسرائیل هۆشداری چۆڵکردنی 16 شارۆچکە و گوندی باشوور و رۆژهەڵاتی لوبنان دەکات و رایگەیاندووە، دەبێت ئەو شوێنانە چۆڵ بکرێن، چونکە لەلایەن حزبوڵڵاوە بە پشتیوانی ئێران بەکار دەهێنرێن.

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکی نووسراودا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە و تیایدا هاتووە" 18 هۆشداریمان بۆ چۆڵکردنی ئەو باڵەخانە و خانووانە دەرکردووە، کە لەلایەن چەکدارانی حزبوڵڵاوە بۆ پەلاماردانی ئیسرائیل بە کاردەهێنرێن.

جیا لە شارۆچکە و گوندەکانی دیاریکردووە، سوپای ئیسرائیل هۆشداری بۆ چۆڵکردنی گەڕەکی بورج بەراجنەی باشووری لوبنان و باڵەخانەکانی دەوروبەری کردووە .

هۆشدارییەکەی سوپای ئیسرائیل لە کاتێکدایە، لە شەوی رابردووەوە هێزی ئاسمانی ئیسرائیل هێرشی چڕی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حزبوڵڵای لوبنان دەستپێکردووە، لەلایەن خۆیەوە ئەفیخای ئەدەرعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد، شەوی رابردوو لە هێرشێکدا بۆ سەر ئامانجێک لە بەیرووت، توانرا حوسێن مقەلید بکوژن، کە بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی رێکخراوی حزبوڵڵا بوو.

هەروەها نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان بۆ دوورخستنەوەی وڵاتەکەی لە جەنگێکی وێرانکەر، ئەمڕۆ دووشەممە 2ی ئاداری 2026، قەدەخەکردنی دەستبەجێی هەموو چالاکییە سەربازی و ئەمنییەکانی حزبوڵڵای راگەیاند.

لە بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی لوبنان هاتووە، دەبێت سەرجەم گرووپ و ئەندامانی حزبوڵڵای لوبنان بە ناچاری چەکەکانی رادەستی دەوڵەت بکەن.