لووتکە مێژووییەکەی وڵاتانی کەنداو.. سعودیە سنووری بەڕووی قەتەر دەکاتەوە 

سعودیە سنووری بەڕووی قەتەر دەکاتەوە 
سەرکردەکانی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو لە کۆبوونەوەیەکیان. وێنە: ئەرشیڤ
سەرکردەکانی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو لە کۆبوونەوەیەکیان. وێنە: ئەرشیڤ

K24 - هەولێر

دوای زیاتر لە سێ ساڵ بەسەر ناکۆکییەکانی وڵاتانی کەنداو، سعودیە رایگەیاند سنووری وشکانی بەڕووی قەتەر دەکاتەوە، لەبەرامبەریشدا دەوحە دەڵی، شازادەی وڵات سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکەی دەکات بۆ لووتکەی کەنداو، کە ئیمارات بە مێژوویی وەسفی کردووە.

کوەیت دوێنێ (دووشەممە، 4-1-2021) رایگەیاند سعودیە رازی بووە سنوورەکانی بەڕووی قەتەردا بکاتەوە، ئەمەش دوای سێ ساڵ لە قەیرانی کەنداو و، راستەوخۆ پێش کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو کە ئەمڕۆ لە سعودیە دەبەسترێت.

دیوانی شازادەی قەتەر لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: جەنابی شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، شازادەی وڵات، سەرۆکایەتیی شاندی قەتەر دەکات بۆ بەشداریکردن لە 41ـەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەناو، کە لە پارێزگای عەلای شانشینی عەرەبی سعودیەی دەستەخوشک دەبەسترێت".

شێخ ئەحمەد ناسر سەباح، وەزیری دەرەوەی کوەیت لە گوتارێکی تەلەڤیزیۆنیدا دوێنێ رایگەیاندبوو، لەسەر پێشنیازی شازادەی کوەیت، رێککەوتن لەسەر کردنەوەی کەشەکە و سنووری زەوی و دەریا لەنێوان شانشینی سعودیە و وڵاتی قەتەر لە سبەی ئێوارەوە".

ئاژانسی هەواڵەکانی سعودیە لە زاری محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە بڵاویکردەوە، لووتکەکە "دەبێتە هۆی یەکگوتاری و رێڕەوی خێر و گەشەسەندن پەرەپێدەدات". محەمەد بن سەلمان هەروەها دەڵێ "لەو لووتکەیەدا سەرکردەکانی وڵاتانی ئەنجوومەنەکە کۆدەبنەوە بۆ یەکڕیزی لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاستەنگییانەی ناوچەکە بەخۆیەوە دەیانبینێت".

هەروەها ئەنوەر قەرقاش، وەزیری دەوڵەتی ئیمارات بۆ کاروباری دەرەوە لە توویتەر نووسیویەتی ئێمە، لەبەردەم لووتکەیەکی مێژووییدان، کە تێیدا کەنداو بەیەکەوە دەلکێنینەوە، لەو رێگایەوەش دڵنیادەبن لە ئەمن، ئاسایش و گەشەسەندنی وڵاتەکانمان و گەلەکانمان دەبنە ئەولەویەت، کاری زۆرمان لەبەردەم ماوە و روومان لە ئاراستە راستەکەیە".

شازادەی کوەیت، مانگی رابردوو رایگەیاندبوو گەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی سەبارەت بە ئاشتبووبەوەی کەنداو.

ناکۆکیی قوڵ

لە مانگی حوزەیرانی 2017 هەریەک لە سعودیە، ئیمارات، بەحرەین و میسر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەر پچڕان و تۆمەتباریان کرد بە پشتگیریرکردن لە گرووپە ئیسلامییە تووندڕەوەکان، ئەم تۆمەتە بەتووندی لەلایەن دەوحەوە رەتکرایەوە و بەو هۆیەوە لە ئێران نزیک بووەوە.

هەرچوار دەوڵەت، چەندین رێوشوێنیان لەدژی قەتەر گرتەبەر، لەوانە داخستنی سنووری ئاسمانی لەبەردەم فڕۆکەکانی قەتەر و قەدەغەکردنی مامەڵەی بازرگانی و هاتنەناوەوەی قەتەرییەکان بۆ وڵاتەکانیان.

لووتکەکەی ئەمڕۆی کەنداو لەکاتێکدایە، واشنتن هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوانیان. ئەمەریکا جەخت دەکاتەوە لەوەی یەکێتیی وڵاتانی کەنداو، گرنگە بۆ دوورخستنەوەی ئێران.

نزیکبوونەوەی قەتەر و ئێران 

ئاژانسی دۆچە ڤیلەی ئەڵمانی، لە راپۆرتێکدا لەسەر زاری چاودێرانی سیاسییەوە دەڵێ "ئەو قەیرانەی بەسەر دەوحەدا هێنرا، بووە هۆی نزیکبوونەوەی تاران و دەوحە، هەروەها وایکرد قەتەر بتوانێت پشت بەخۆی ببەستێت لەڕووی ئابوورییەوە، ئەمەش زیانی بە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی سعودیە گەیاند.

لەکاتیکدا سەرچاوەکان لە کەنداوەوە دەڵێن، لووتکەکەی ئەمڕۆ دەبێتە هۆی رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان و هەنگاونان بۆ دووبارە دروستکردنەوەی متمانە، بەڵام پێدەچێت رێککەوتنە گشتییەکە بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانیان وەکو پێشووی لێبێتەوە، هێشتا ئامادە نەبێت.

قەیرانی 13 داواکارییەکە 

دوای ئەوەی چوار وڵاتەکە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەر پچڕاند، 13 داواکارییان خستە بەردەم قەتەر لەنێویاندا داخستنی تۆڕی میدیایی ئەلجەزیرە و کەمکردنەوەی پەیوەندییەکانی دەوحە بوو لەگەڵ تورکیا، هەرچەندە قەتەر بە ئاشکرا راینەگەیاندووە هیچکام لەو داواکارییانە جێبەجێ دەکات، بەڵام هەمیشە دووپاتی کردووەتەوە ئامادەیە بۆ گفتوگۆی بێ مەرج.

100 ملیۆن دۆلار هەقی فڕینی فڕۆکەی قەتەری بەسەر ئاسمانی ئێران 

رۆبێرت ئۆبرایەن، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوو رایگەیاندبوو، رێگەدان بە فڕینی فڕۆکەکانی قەتەر بەسەر ئاسمانی سعودیە، یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانی ئیدارەی ترەمپ.

لەگەڵ داخستنی ئاسمانی سعودیە بەڕووی قەتەر، ئەو وڵاتە ناچاربوو فڕۆکەکانی بەسەر ئێران بفڕێنێت، بەو هۆیەوە بڕێکی زۆر پارەی دا بە ئێران. رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی لە سەرچاوە دیپلۆماسییەکانییەوە رایگەیاندبوو قەتەر ساڵانە بڕی 100 ملیۆن دۆلار دەدات، بۆ ئەوەی رێگە بە فڕۆکەکانی بدرێت بەسەر ئاسمانی ئێراندا بفڕن.

تورکیا پێشوازی لەو هەنگاوە دەکات

تورکیا پێشوازی لەو نیەتەی سعودیە دەکات بۆ کردنەوەی ئاسمانی بەڕووی قەتەر و داواش دەکات هەموو سزاکان لەسەر قەتەر هەڵبگیرێن.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا پێشوازی لە کردنەوەی سنوور کرد و جەختی کردەوە لەوەی "ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەکە".

لەدوای بایکۆتکردنی دەوحە لەلایەن ئەو چوار وڵاتەوە، بەتایبەتی لەلایەن سعودیەی دراوسێی، ئەنقەرە بەتووندی پشتگیری لێ کرد و لە یەکەمی ئەو وڵاتانە بوو، کە خۆراک و خزمەتگوزارییەکانی پێشکەش کرد.

داخستنی دەرگاکان لەسەر داوای سعودیە

لە ساڵی 1981 شەش وڵاتی کەنداو کە پێکهاتوون لە: عوممان، سعودیە، ئیمارات، کوەیت، قەتەر و بەحرەین رێککەوتن لەسەر هەموو هاوکارییەکی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و هەرێمی لەڕێگەی گرووپی وەبەرهێنانی کەنداو کە بەرپرسە لە زەمینەخۆشکردن بۆ کاروباری بازرگانی لەنێوان ئەو شەش وڵاتە.

بەپێی ئەو رێککەوتنە، سنووری ئاسمانی، ئاوی و وشکانی لەو وڵاتانە بەڕووی یەکتر کراوە دەبن و هاووڵاتیانیشیان بە ئازادی و بێ ڤیزا دەتوانن بچنە هەر شەش وڵات و بازرگانیش بکەن.

بەڵام لەدوای ساڵی 2017 لەسەر داوای سعودیە، جگە لە کوەیت و عومان، هەموو ئەندامەکانی دیکە سنوورەکانیان بەڕووی قەتەر داخست و ئابڵۆقەی ئابووری و دیپلۆماسییان خستەسەر.