بۆ سێیەم رۆژ لەسەر یەک نرخی نەوت بەرزبووەوە

بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بۆ سێیەم رۆژ لەسەر یەکتر نرخی نەوت بەرزبووەوە، کاریگەرییەکەشی زیاتر بەهۆی داخرانی گەرووی هورمزەوەیە لەلایەن ئێرانەوە، چونکە تا ئێستا نزیکەی 750 کەشتیی گیریان خواردووە و ناتوانن لە گەرووەکە بپەڕێنەوە.

نرخی نەوتی خاوی برێنت تا کاتژمێر 01:07 بە کاتی گرێنتش بە 78 دۆلار و 83 سەنت مامەڵەی پێوەکراوە، بەڵام  رۆژی دووشەممە گەیشتە، 82.37 دۆلار، کە بەرزترین ئاست بووە لە مانگی یەکی ساڵی 2025ەوە.

هەروەها نەوتی خاوی رۆژئاوای تێکساسی ئەمریکا 74 سەنت بەرزبووەوە کە دەکاتە 1% بۆ 71.97 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

ئەم بەرزبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان پەرەیان سەندووە، هەروەها بەگوێرەی راپۆرتە هەواڵییەکان ئێران ژێرخانی وزەی لە وڵاتانی کەنداو و کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی گەرووی هورمز کردۆتە ئامانج.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە وەبەرهێنەران چاودێری پەرەسەندنە سەربازییەکان لەسەر وزەی جیهانی دەکەن، ئەمەش نیگەرانیی دروستکردووە لەوەی فشاری سەر بازاڕەکان بەردەوام دەبن.

لەلایەکی دیکەوە ئەمڕۆ سێشەممە، ئاژانسی بلومبێرگ بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان رایگەیاند، تێچووی بەکرێگرتنی کەشتی گازی سروشتی شل (LNG) لە دەریای ئەتڵەسی بە رێژەی 100% زیادی کردووە و بۆ هەر کەشتییەک رۆژانە 200 هەزار دۆلاری تێپەڕاندووە.

بەرپرسێکی وەزارەتی وزەی کۆریای باشوور بە بلومبێرگی راگەیاند، "سیئۆل کاردەکات بۆ دەستەبەرکردنی دابینکردنی گاز، چونکە قەتەر بەرهەمهێنانی راگرتووە."