چین فشار لە ئێران دەکات گەرووی هورمز بکاتەوە
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی "بلومبێرگ"، حکوومەتی چین فشارەکانی بۆ سەر تاران دەستپێکردووە بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی گەرووی هورمز و رێگریکردن لە هەر هێرشێک کە تانکەرەکانی نەوت و غازی سروشتیی شلکراوە (LNG) بکاتە ئامانج.
پەکین بە گەورەترین کڕیاری وزەی ناوچەی کەنداو دادەنرێت، داوای لە بەرپرسانی ئێران کردووە گەرووی هورمز بە کراوەیی بهێڵنەوە. ئەم هەڵوێستەی چین دوای ئەوە دێت هێرشە ناوچەییەکان بوونە هۆی پەکخستنی هاتوچۆی کەشتییەکان و وایانکرد وڵاتی قەتەر بۆ ماوەیەکی کورت بەرهەمهێنانی LNG رابگرێت.
چین بە شێوەیەکی بەرفراوان پشت بە دابینکردنی وزە لە وڵاتانی کەنداو دەبەستێت، بەتایبەتی غازی قەتەر، بۆیە هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئەو رێڕەوە ئاوییە زیانی گەورە بە ئابووریی و کەرتی وزەی چین دەگەیەنێت. لەو چوارچێوەیەدا، کاربەدەستانی چین داوایان لە تاران کردووە، رێڕەوە گرنگەکانی وزە بۆ بازاڕە جیهانییەکان و بەتایبەتی بازاڕی چین نەکەنە ئامانج.