وەزیری بەرگری هۆشداری دەدات لە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی لە عێراق

"عێراق هێشتا پێویستی بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەیە و هەندێک دەیانەوێت بەرەو رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانە پەلکێشمان بکەن"

جومعە عناد: تائێستا پێویستیمان بە هێزەکانی هاوپەیمانان هەیە
جومعە عناد: تائێستا پێویستیمان بە هێزەکانی هاوپەیمانان هەیە

K24 - هەولێر

وەزیری بەرگریی عێراق، هۆشداری دا لە سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆیی لە عێراق لە ئەگەری بەردەوامیی بەئامانجکردنی ناوچەی سەوز.
 
لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبییە، کە ئەمڕۆ (چوارشەممە، 6-1-2021) بڵاوکراوەتەوە، جومعە عناد، وەزیری بەرگری عێراق رایگەیاند "بەردەوامبوون له‌ بەئامانجکردنی ناوچەی سەوزی بەغدا و نێردە دیپلۆماتییەکان، وڵات بەرەو شەڕی ناوخۆیی پەلکێش دەکات، کە تەنیا هاووڵاتییانی عێراقی دەبنە قوربانیی".

وەزیری بەرگری باس لەوە دەکات، عێراق هێشتا پێویستی بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەیە بۆ پاڵپشتیکردن لە سوپای عێراق، دەشڵێ "کاردەکەین بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماتییەکان و دەستگیرکردنی ئەوانەی مووشەکەکان هەڵدەدەن".

لەماوەی رابردوودا، بەردەوام هەڕەشە لەسەر ناوچەی سەوزی بەغدا هەبووە، کە دامەزراوە حکومییەکان، نێردە دیپلۆماتییەکان، باڵیۆزخانەی وڵاتان و بارەگای رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی لێییە. چەندین جار مووشەکی کاتیۆشا ئاراستەی ناوچەی سەوز و بەتایبەتی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا کراون، بەڵام مووشەکەکان لەلایەن سیستەمی دژەموشەکی باڵیۆزخانەکەوە، تێکشکێنراون.

جومعە عناد جەخت دەکاتەوە لەوەی "هەندێک دەیانەوێت بمانخەنە نێو رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکدارانە، ئێمەش رێگە بە رووداونی ئەمە نادەین".

لەکاتێکدا ئەمڕۆ 100ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی سوپای عێراقە، وەزیری بەرگریی عێراق ئاشکرای دەکات "سوپا رووبەڕووی تەحەدیی زۆر دەبێتەوە، گرنگترینیشیان: رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعش، کەمیی راهێنان و لاوازیی دەزگای هەواڵگرییە".

جومعە عناد باس لە گرنگترین ئاستەنگییەکانی بەردەم هێزە چەکدارەکانی عێراق دەکات و دەڵێ "چەکدارکردن و راهێنانە"، دەشڵێ "داعش لە عێراق کۆتایی هاتووە، تەنیا چەند شانەیەکی ماوە".

 

هـ.ر.

Fly Erbil Advertisment