ئیسرائیل: لە نزیک تاران بنکەیەکی ئەتۆمیمان وێران کرد
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە رۆژهەڵاتی تاران ناوەندێکی نهێنی سەربازیی ئێرانمان بۆمباران کرد، کە لە ژێر زەویی بووە و پەیوەندیی بە بەرنامەی ئەتۆمیەوە هەبووە.
سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی ئاداری 2026، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەیداوە، هەواڵگریی سەربازی بە وردی چاودێری جموجووڵی زانا ئێرانییەکانی کردووە و توانیویەتی شوێنی ئەو کۆمەڵگە نوێیە و نهێنیە ئاشکرا بکات، کە دوای جەنگی 12 رۆژەی حوزەیرانی ساڵی رابردوو، زانا ئەتۆمییەکانی چالاکییەکانیان بۆ ئەوێ گواستبووەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی سوپای ئیسرائیل، بنکە نهێنییەکەی رۆژهەڵاتی تاران کە لە ژێر زەویدابووە، ناوی مینزادەهی بووە و لە هێرشێکی وردا وێرانیان کردووە.
هەر لە راگەیەندراوەکەی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە، لە سەرەتای دەسپێکردنی هێرشەکانەوە لە 28ی مانگی شوباتەوە تاوەکوو دوێنێ سێشەممە 3ی ئاداری 2026، توانیویانە نزیکەی 300 سەکۆی هەڵدانی مووشەک لە سەرتاسەری ئێران لەناو ببەن.