د. کهمال ئهترووشی بووە وەزیری سامانە سرووشتییەکان
K24 - هەولێر
پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا ئەمڕۆ بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، متمانەی دا بە د. کەمال ئەترووشی و بووە وەزیری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە کابینەی نۆیەم.
لە کۆی 101 پەرلەمانتاری ئامادەبوو، 81ـیان دەنگیان پێی دا
لەو کۆبوونەوەیەدا کە زیاتر لە کاتژمێریکی خایاند، 101 پەرلەمانتار ئامادەبوون و 81ـیان دەنگیان دا بۆ بوونی د. کەمال ئەترووشی بە وەزیری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان.
ئەو 81 پەرلەمانتارەی دەنگیان بە د. کەمال دا، پێکهاتوون لە: 45 پەرلەمانتاری پارتی، 17 پەرلەمانتاری یەکێتی، 7 پەرلەمانتاری گۆڕان، 11 پەرلەمانتاری پێکهاتەکان و یەک پەرلەمانتاری لیستی سەردەم.
سوێندی یاسایی خوارد
د. کەمال ئەترووشی لەدوای پەسەندکردنی، لە پەرلەمان بەمشێوەیە سوێندی یاسایی خوارد "من، دکتۆر کەمال عەبدولحەمید عەبدولرەحمان ئەترووشیمە، بەخودای مەزن سوێند دەخۆم، کە بە دڵسۆزییەوە پارێزگاری لە یەکێتیی گەل و خاکی کوردستانی عێراق بکەم و رێز لە یاسا رەچاوکراوەکان بگرم".
ئەمڕۆی پەرلەمان، پێش دەنگدان:
کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 6-1-2021) کۆبوونەوەی پەرلەمان دەستیپێکرد و، پەرلەمانتاران سەرنج و تێبینییەکانیان دەخەنەڕوو:
پارتی: هیوادارین گۆڕان و یەکێتی پابەندی رێککەوتنەکەمان بن و گلەییشمان لە حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن نابێت
ێشەوا هەورامانی، گوتەبیژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمان و ئەندامی لیژنەی سامانە سرووشتییەکان، بە کوردستان24ـی راگەیاند "بۆ دەنگدان بۆ وەزیری سامانە سرووشتییەکان، پێمان خۆشە هەم یەکێتی و هەم گۆڕان پابەند بن بەو رێککەوتنەی لەگەڵ پارتی هەیانە بۆ پێکهێنانی حکومەت... دەنگدانی ئەوان، لەوانەیە ببێتە هەوێنی دروستکردنەوە متمانەیەک بۆ ئەوەی بتوانین بەیەکەوە کاری باشتر بکەین".
لەبارەی گرنگیی پۆستەکە، پێشەوا هەورامانی دەڵێ "راستە پۆستەکە گرنگە و هەستیارە، بەڵام هەتاوەکو ئەمڕۆ کە وەزیر بۆ ئەو پۆستە نەبووە، ئەو پۆستە فەرامۆشکراو نەبووە و سەرۆکوەزیران خۆی چاودێریی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی کردووە، بە خاڵ بە خاڵی رێککەوتنەکان و هەموو وردەکارییەکاندا چووەتەوە و ئاگای لێ بووە".
گوتەبێژەکەی پارتی دەشڵێ "ئێمە گلەییمان لە ئۆپۆزیسیۆن نییە ئەگەر دەنگیش نەدەن، چونکە هیچ رێککەوتنێکمان لەگەڵ ئەواندا نییە، ئەگەر دەنگ بدەن یان نەیدەن، لای ئێمە حاڵەتیکی ئاساییە، بەڵام زۆرجار ئەوان باسی خەڵکی تەکنۆکرات دەکەن بۆ پڕکردنەوەی پۆستەکان، فەرموون ئەوە ئێستا کەسێک هاتووە کە هیچ پابەندییەکی حیزبی لەسەر شان نەبووە و تەکنۆکرات و پرۆفێشناڵ بووە لە مەجالی نەوتدا، ئیدی با خۆیان سەرنجی سیڤییەکەی بدەن".
گۆڕان: ئەو کاندیدە خاوەن ئەزموونە و دەنگی پێدەدەین
گوڵستان سەعید، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەو کاندیدەی هاتووەتە پەرلەمانی کوردستان، کاندیدێکی خاوەن ئەزموونە، خاوەنی بڕوانامە و پسپۆڕیی تایبەتە لە بواری نەوتدا... ئێمە وەکو بزووتنەوەی گۆڕان هەموومان ئاگادارکراوینەتەوە پابەندی بڕیاری بزووتنەوەی گۆڕان بین و، دەنگ بدەین بە کاندیدی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان".
سەبارەت بەو پەرلەمانتارانەی گۆڕان، کە گوتوویانە دەنگ بە دکتۆر کەمال ئەترووشی نادەن، گوڵستان سەعید دەڵێ "هەموومان ئاگادارکردوونەتەوە کە پابەندی بڕیارەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بن، هەرکەسێک پابەند نابێت، واتا هەم پابەند نییە بە گۆڕان، هەم پابەند نابێت بەو رێککەوتننامەیەی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەرەتای دەستبەکاربوونی ئەم کابینەیە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر مەسەلەی چاکسازی رێککەوتووە".
داهاتی نەوت، یەکێکە لە سەرەکیترین داهاتەکان هەرێمی کوردستان، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان دەڵێ "ئومێدەوارین لەم کابینەیەدا و ئەو وەزیرە بەڕێزە کە دەستبەکاردەبێت، کارێکی نەوعی بکات کە جیاوازبێت و بتوانێت شەفافییەت بەرقەرار بکات".
جوتیار عادل، گوتەبێژی حكومەتی ھەرێمی كوردستان 3-1-2020 ئاشكرای كردبوو "مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان، كهمال ئهترووشی بۆ پۆستی وهزیری سامانه سرووشتییهكان كاندید كردووه و سیڤییهكهی ئاراستهی پهرلهمانی كوردستان كراوه"، هەروەها گوتبووی "ھیوادارین پەرلەمانی کوردستان متمانەی پێ ببەخشێت".
د. کهمال ئهترووشی کە زیاتر لە 40 ساڵ ئەزموونی لە بواری نەوت و وزەدا هەیە، دوێنێ لە لێدوانێکی تایبهتدا بۆ کوردستان24 رایگهیاند هیوادارن وهزارهتی سامانه سرووشتییهکان پێشبخهن و بۆ ئهو مهبهستهش کارێکی زۆری پێویسته.
گوتیشی ئهوان گرنگی به توانای گهنجان دهدهن که لهو بوارهدا خوێندوویانه و ههوڵدهدهن تواناکانیان بقۆزنهوه، داوای له لایهنهکان کرد پێکهوه وهکو یهک تیم هاوکاریان بن و کاربکهن لهپێناو خزمهتکردنی کوردستان.
هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24 لەبەردەم پەرلەمانەوە گوتی ئامادەکاریی یاسایی، تەکنیکی و سیاسییش کراوە بۆ دەنگدان بە د. کەمال. دوێنێ فراکسیۆنی پارتی لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان و فراکسیۆنەکانی دیکەش کۆبووەتەوە، یەکێتی و گۆڕان رێککەوتوون دەنگی پێبدەن، بەگشتی دەنگۆ هەیە لەنێو گۆڕان نزیکەی حەوت پەرلەمانتار و لەنێو یەکێتیش زیاتر لە نیوەیان دەنگی پێدەدەن.