100 ساڵ بەسەر دامەزراندنی سوپای عێراق تێدەپەڕێت؛ کورد یادەوەریی تاڵی لەگەڵدا هەیە
سوپا لەلایەن پێکهاتەیەکەوە قۆرخکراوە
.jpg)
K24 - هەولێر
ھەرچەندە شەشی كانوونی دووەمی ھەموو ساڵێك یادی دامەزراندنی سوپای عێراقە، بەڵام كورد لەلایەن ئەو سوپایەوە ستەمی زۆری لێکراوە، هەر لە ئەنفال، كیماباران و سووتاندنی بەشێكی زۆری گوندەکانی کوردستان، تاوەکو هێرشکردنە سەر کەرکووک لە 16ـی ئۆكتۆبەری 2017.
سوپای عێراق لەسەردەمی پاشایەتی و لە شەشی كانوونی دووەمی 1921 دامەزرا، ساڵانەش یادی ئەو رۆژە دەكرێتەوە و لە عێراق كراوەتە پشووی فەرمی.
هەر لە سەرەتای پێكهێنانی سوپای عێراق، ژمارەیەک ئه‌فسه‌ری كورد تێیدا به‌شداربوون. هێزی ئاسمانیی عێراق له ساڵی 1931 و هێزی ده‌ریاییش له ساڵی 1937 دامەزران.
له‌دوای کۆتاییهاتنی جه‌نگی عێراق - ئێران لە ساڵی 1988، ژماره‌ی ئه‌ندامانی سوپای عێراق گه‌یشته نزیکه‌ی یه‌ک ملیۆن سه‌رباز، له‌دوای رووخانی رژێمی به‌عس و پرۆسەی ئازادیی عێراق له‌ساڵی 2003، به بڕیارێکی پۆڵ بریمه‌ر، حاکمی مه‌ده‌نیی ئه‌مه‌ریکا له عێراق، سوپای عێراق هه‌ڵوه‌شایه‌وه و دواتر سه‌رله‌نوێ پێکهێنرایه‌وه.
سوپای عێراق، بناغه‌كه‌ی فیرقه‌ی ئیمام موسای كازم بوو، له‌ساڵی 1961ـەوە تاوەکو 2003، ناوه ناوه شه‌ڕی جوڵانه‌وه‌كانی رزگاریخوازی كوردی كردووه و بە دڕندانەترین شێوە رووبەڕووی شۆڕشەكانی كورد بووەتەوە، ئەنفال و كیمیاباران و سووتماككردنی بەشێكی زۆری كوردستان، لە گرنگترن ئەو خەسڵەتانەن كە سوپای عێراق لە حەفتاكان و ھەشتاكاندا پێیدەناسرێتەوە.
سوپا هه‌میشه دارده‌ستێك بووه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق كورسییه‌كانی خۆیانی پێ بپارێزن و بیكه‌ن به‌گژ نەتەوە و پێكھاتەكانی دیكەدا، دواجاریش لە 16ـی ئۆكتۆبەری 2017، ھێرشیان كردە سەر كەركووك و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان.
سوپای عێراق بەشداری لە چەندین شەڕی دەرەوە و سەركوتكردنی جوڵانەوە ناوخۆییەكانی عێراقیش كردووە، لەوانە، شه‌ڕه‌كانی عه‌ره‌ب - ئیسرائیل، شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی ئێران، داگیركردنی كوه‌یت، جه‌نگی یه‌كه‌می كه‌نداو، جه‌نگی دووه‌می كه‌نداو و سه‌ركوتكردنی هه‌موو جوڵانه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌كانی ناو عێراق.
لەكاتێكدا بەگوێرەی دەستووری كۆماریی عێراق، پێویستە سوپا لە سیاسەت دوور بێت، بەڵام سوپا بەشداری پێکراوە لە چەندین كودەتا، وەكو كودەتا سەربازییەكەی عەبدولكەریم قاسم، لەساڵی 1958، كە خاڵی وەرچەرخان بوو لە مێژووی عێراقدا و رژێمی پاشایەتی بۆ كۆماری لە عێراق گۆڕی، بەڵام لەوساوە عێراق كەوتە ژێر دەسەڵاتی سەربازییەوە و دواتر ھەردوو كودەتای عەبدولرەحمان عارف و عەبدولسەلام عارفیشیان بەدواداھات.
ئێستاش بەھۆی بوونی ژمارەیەكی زۆری گرووپە چەكدارە مەزھەبییەكان، سوپا ئەو گرنگییەی پێشووی نەماوە، ئەمە جیا لەوەی خودی سوپاش زۆرینەی ھەرە زۆری لەلایەن پێكھاتەیەكەوە قۆرخكراوە و نوێنەرایەتی ھەموو پێكھاتەكانی عێراق ناكات، لەكاتێكدا سوپای ھەموو وڵاتێك لە سەرجەم رۆڵەكانی ناوخۆی وڵات، بەبێ رەچاوكردنی: نەتەوە، ئایین و مەزھەب، پێكدێت.
هـ.ر.