لە سنووری دێگەڵە دوو مووشەک کەوتنە خوارەوە
لە سنووری شارەدێی دێگەڵە دوو مووشەک کەوتنە خوارەوە و بەهۆیەوە قوربانی لێکەوتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی ئاداری 2026، سۆران حەوێزی، بەڕێوەبەری شارەدێی دێگەڵە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: "دەوروبەری کاتژمێر 11:00 پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئێران بە مووشەک سنووری شارەدێی دێگەڵە بۆردومان کردووە."
سەبارەت بە زیانە گیانییەکانی ئەو بۆردومانە، بەڕێوەبەری شارەدێی دێگەڵە ئاماژەی بەوە کرد، بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، بەهۆی هێرشەکەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و کەسێکی دیکەش بریندار بووە.
تا ئێستا زانیاری زیاتر لەسەر ئاستی زیانە ماددییەکان و وردەکاری هێرشەکە لەبەردەست نییە.
رۆژی سێشەممە، 3ی ئاداری 2026، تاریق حەیدەری، قایمقامی قەزای کۆیە، وردەکاریی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کەمپی ئازادی لە سنووری قەزاکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەدا تەنیا یەک کەس بە سووکی بریندار بووە.
تاریق حەیدەری لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاراس ئەمین، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، هێرشەکە لە رێگەی سێ درۆنەوە ئەنجامدراوە، یەکێکیان لە نزیک نەخۆشخانەی کەمپەکە کەوتووەتە خوارەوە.
قایمقامی کۆیە ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی هێرشەکەوە تەنیا یەک برینداری سووک هەیە و هۆکاری کەمبوونەوەی زیانەکانیشی گەڕاندەوە بۆ چۆڵکردنی پێشوەختەی کەمپەکە، ئەمەش بووەتە هۆی رێگریکردن لە زیانی گیانیی زۆرتر.
کەمپی ئازادی لە کۆیە کەسوکاری پێشمەرگەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی تێدا نیشتەجێکراوە و پێشتریش لە ساڵی 2022 لەلایەن ئێرانەوە بۆردوومان کرا و بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و 40 کەسی دیکەش بریندار بوون.