پزیشکیان: ڕێز لە خاک و سەروەریی وڵاتان دەگرین
پزیشکیان: هێرشەکانی ئەمەریکا ناچاری کردین بەرگری لە خۆمان بکەین
سەرۆک کۆماری ئێران، لە پەیامێکی ئاراستەی سەرکردەی وڵاتانی دراوسێ و دۆست، رایگەیاند کە سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسییەکان، هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل" وڵاتەکەی ناچار کردووە بچێتە ناو جەنگەوە، هاوکات دڵنیایی دەداتە دراوسێکانی کە رێز لە خاک و سەروەرییان دەگرێت.
چوارشەممە 4ی ئاداری 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: سەرۆکی وڵاتانی دۆست و دراوسێ، ئێمە شانبەشانی ئێوە و لە رێگەی دیپلۆماسییەوە هەوڵمان دا خۆمان لە جەنگ بەدوور بگرین.
گوتیشی: "دەستدرێژیی سەربازیی ئەمەریکی-ئیسرائیل، هیچ بژاردەیەکی دیکەی بۆ نەهێشتینەوە جگە لەوەی بەرگری لە خۆمان بکەین."
سەرۆک کۆماری ئێران جەختی کردەوە کە پەرەسەندنەکان کاریگەرییان لەسەر رێزگرتنیان بۆ دراوسێکانیان نابێت و دەڵێت: "ئێمە رێز لە سەروەریی ئێوە دەگرین."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، پزیشکیان دیدی ئێران بۆ ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووپات دەکاتەوە و دەنووسێت: بڕوامان وایە کە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەبێت لە رێگەی هەوڵی بە کۆمەڵی دەوڵەتانی ناوچەکەوە بەدی بێت، نەک هێزی دەرەکی.