كوڕەكانی ترەمپ شەڕ لە نێو پارتی كۆماری دەنێنەوە
بەدەیان ھەزار لە لایەنگرانی ترەمپ لە ناوەندی واشنتن كۆبوونەوە

K24 – ھەولێر:
بەدەیان ھەزار لە لایەنگرانی ترەمپ لە دەوروبەری كۆشكی سپی كۆبوونەوە وخۆپیشاندان ئەنجام دەدهن و داوا دەكەن پێداچوونەوە بە ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی سەرۆكاتیدا بكرێت، كە كاندیدی دیموكراتەكان، جۆ بایدن سەركەوتنی تێدا بەدەستھێنا.
خۆپیشاندەران كۆبوونەتەوە لە "رێپێوانی رزگاركردنی ئەمەریكا" لە باخچەی "ئیلیبس" لە باشووری كۆشكی سپی و چاوەڕێی ترەمپن، كە بڕیارە گوتارێكیان پێشكەش بكات.
مەزندە دەكرێت، خۆپیشاندەران بەرەو بینایەی كۆنگرێس بڕۆن، كە ھاوكات دەبێت لەگەڵ دانیشتنی ھاوبەشی ھەردوو ئەنجوومەن، نوێنەران و پیران بۆ پەسندكردنی ئەنجامەكانی دەنگدان لە ھەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكا.
ترەمپ سوورە لەسەر رەتكردنەوەی داننان بە دۆڕان لە ھەڵبژاردنەكان و ركابەرەكانی لە دیموكراتەكان بە "دزینی بردنەوە" تۆمهتبار دهكات.
كوڕەكانی سەرۆكی ئەمەریكا شەڕێكیان لە ناوخۆی پارتی كۆمارییەكان نایەوە لە كاتی باسكردنی ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی 2020 لە میانی كۆبوونەوەی خۆپیشاندەرانی لایەنگری ترەمپ بۆ ناڕەزایی دەربڕین لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان.
دۆناڵد ترەمپ جۆنیۆر گوتی: ئەو كۆبوونەوەیەی لە پایتەختە، كە بەھەزاران لە لایەنگرانی ترەمپی كۆكردووەتەوە، دهبێت زەنگی ھۆشداری بێت بۆ پارتی كۆماری، گوتیشی: پارتی كۆماری ئەوەی پێویستە ئەنجامی نەداوە بۆ ھاریكاریكردنی باوكی بۆ سەراوبنكردنی ئەنجامەكان.
جەختیشیكردەوە، كۆمارییەكان "ھیچیان نەكرد بۆ راگرتنی دزی.. ئەم كۆبوونەوەیە دەبێت نامەیەك بۆ ئەوان بنێرێت.. لەمەودوا ئەمە پارتی كۆمارییەكەیان نییە، ئەمە پارتی دۆناڵد ترەمپی كۆمارییە و ئەو ئەمەریكا دەخاتە یەكەم".
كوڕە بچووكەكەشی، ئیریك رایگەیاند، كاریگەری باوكی لە سەر راستڕەوی سیاسیی بەردەوام دەبێت لە دوای ماوەی نەمانی لە كۆشكی سپی و گوتی: باوكم دەستی بە بزووتنەوەیەك كرد، و ئەم بزووتنەوەیە ھەرگیز نامرێت".