بایدن: كاتی ئەوە ھاتووە لاپەڕەی 4 ساڵی حوكمڕانی ترەمپ لول بدەین
گەلی ئەمەریكا داوای رەفتاركردن دەكات و داوای یەكڕیزی خۆی دەكات، منیش لە ھەموو كاتێك زیاتر گەشبینم بە تواناكەمان لە جێبەجێكردنی ئەو دوو ئامانجە

K24 – ھەولێر:
سەرۆكی ھەڵبژێردراوی ئەمەریكا، جۆ بایدن رایگەیاند، كاتی ئەوە ھاتووە لاپەڕەی چوار ساڵی حوكمڕانی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لوول بدەین، ئەمە لە كاتێكدا كۆنگرێس خۆی ئامادە دەكات بۆ پەسندكردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكا.
بایدن گوتی: دوای ئەم چوار ساڵەی دوایی و ھەڵبژاردنەكان و ئەمڕۆش پەسەندكردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان لە لایەن كۆنگرێسەوە، كاتی لوولدانی لاپەڕەكەیە. گەلی ئەمەریكا داوای رەفتاركردن دەكات و داوای یەكڕیزی خۆی دەكات، منیش لە ھەموو كاتێك زیاتر گەشبینم بە تواناكەمان لە جێبەجێكردنی ئەو دوو ئامانجە".
بایدن لە راگەیاندراوێكدا سەبارەت بە ئەنجامی ھەڵبژاردنەكانی كۆنگرێس لە ویلایەتی جۆرجیا، پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی كاندیدی دیموكراتەكان، رافائیل وارنۆك كرد، بە بۆنەی سەركەوتنی و بەدەستھێنانی كورسییەكی ویلایەتەكە لە ئەنجوومەنی پیراندا، ئومێدیشی خواست، جۆن ئۆسۆف، كاندیدەكەی دیكەی دیموكراتەكان سەركەوتن بەدەستبێنێت لە پێناو بردنەوەی كورسییەكی دیكە لە ئەنجوومەنی پیراندا، كە رێگا بەر پارتەكەی دەدات دەست بەسەر ھەردوو ژووری كۆنگرێسدا بگرن.
جەختیشیكردەوە لەوەی ئەنجامی ھەڵبژاردنەكانی جۆرجیا نامەیەك ئاراستە دەكات، كە ناوهڕۆكەی ئەوەیە، دەنگدەرانی ئەو ویلایەتە دەیانەوێت دەسەڵاتداران ھەنگاوی كارامە بگرنەبەر لە پێناو مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو تەنگژانەی دووچاری وڵات دەبن، لەوانەش پەتای كۆرۆنا، ھاریكارییە ئابوورییەكان، گوڕانكارییەكانی ئاووھەوا، دادپەروەری، مافەكانی ھەڵبژاردن و شتی دیكەش.
سەرچاوە : RT