هێزە ئەمنییەکان لە بەسرە رێگری لە هێرشێکی مووشەکی بۆ سەر وڵاتێکی دراوسێ دەکەن
سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنیی عێراق ئاشکرای کرد، کە هێزە ئەمنییەکان سەرکەوتوو بوون لە پووچەڵکردنەوەی هەوڵێک بۆ ئاراستەکردنی چەند مووشەکێک لە پارێزگای بەسرەوە، کە بە مەبەستی لێدان لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ ئامادە کرابوون.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ـی ئاداری 2026، سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنیی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقییەی راگەیاند، هێزە ئەمنییەکان توانیویانە پلانێک پووچەک بکەنەوە، لە ناوچەی "سەلیلی" سەر بە قەزای زوبێر لە باشووری پارێزگای بەسرە، کە تێیدا ئامادەکاری کرابوو بۆ هەڵدانی ژمارەیەک مووشەک بە ئاراستەی یەکێک لە وڵاتانی دراوسێ.
سەرچاوەکە وردەکاریی زیاتری خستە روو و ئاماژەی بەوە دا، کە ئەم ئۆپەراسیۆنە ئەمنییە لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگریی ورد ئەنجام دراوە، کە لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە پێشکەش کراوە و بە هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەسرە جێبەجێ کراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، گرووپە چەکدارە لە یاسادەرچووەکانی عێراق، هەوڵی تێوەگلانی عێراق لە جەنگەکە دەدەن، چەندین جار سوودانی بە فەرمی رایگەیاندووە، کە هەر کەسێک هەوڵێکی لەو شێوەیە بدات بە توندی رووبەڕووی دەبنەوە، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکان بکات.
بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.