حکومەت وادەی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی سەبارەت بە پرۆسەی خوێندن درێژدەکاتەوە

روونکردنەوەیەک لە گوتەبێژی حکومەت سەبارەت

وێنەیەکی ئەرشیڤیی چەند قوتابییەک لە سۆران
وێنەیەکی ئەرشیڤیی چەند قوتابییەک لە سۆران

K24 - هەولێر

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێکی نۆ خاڵیدا، بڕیارەکانی حکومەتی سەبارەت بە دەوام لە ناوەندەکانی خوێندن ئاشکرا کرد و، رایگەیاند "بڕیاردرا هەمان ئەو بڕیارانەی پێشوو کە لەم بارەیەوە دەرکراون، پەیڕەو بکرێن".

کۆرۆنا، هۆکاری داخستنی دەرگای قوتابخانەکان و، گۆڕینی شێوازی خوێندنی ئەمساڵ و بەشێکی ساڵی رابردووە، بەڵام لەکاتێکدا تووشبوون و گیانلەدەستدان بەو پەتا جیهانییە لە هەرێمی کوردستان رووی لە کەمبوونەوەیە، ئەوەی جێگەی مەترسییە بڵاوبوونەوەی نەوەی نوێی کۆرۆنایە لە وڵاتانی ئەوروپا و دەستنیشانکردنی چەند حاڵەتێکی ئەو پەتایەیە لە وڵاتانی دراوسێی هەرێمی کوردستان.

بەپێی راگەیەندراوەکە، جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پێشوو تاوەکو 17ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، دوای ئەو رێککەوتەش لیژنە کۆدەبێتەوە بۆ سەرلەنوێ تاوتوێکردنی رەوشی تەندروستیی هەرێمی کوردستان. 

دەقی راگەیەندراوی گوتەبیژی حکومەت:

دوای راوێژکردن لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دۆخی ڤایرۆسی کۆرۆنا و سەرهەڵدانی نەوەی نوێی ئەو ڤایرۆسە لە هەندێک وڵات و دوای هەڵسەنگادنی دۆخەکە بەتایبەت بابەتی دەستپێکردنەوەی خوێندن لە گشت خوێندنگە و زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا هەمان ئەو بڕیارانەی پێشوو کە لەم بارەیەوە دەرکراون، پەیڕەو بکرێن:

1. دەوامی قۆناغەکانی 1 و 2 بنەڕەتی و 12 ئامادەیی (حکومی ـ ناحکومی)، تا رۆژی (2021/1/16) رادەگیرێت و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەكرێت. 

2. قۆناغی 1 و 2 بنەڕەتی و 12 ئامادەیی دەتوانن تا کاتی کردنەوەی قوتابخانەکان، بەشێوەی "نائیلزامی" سوود لە وانەکانی قوتابخانەی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین وەربگرن.

3. قۆناغی 3 بنەرەتی تا 11 ئامادەیی (حکومی - ناحکومی) بە شێوازی ئەلیکترۆنی لە خوێندن بەردەوام دەبن. هەروەها تا رۆژی (2021/1/16) و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندنی بۆ رەوشی تەندروستیی، سەردانکردنی بە گروپ و ئامادەبوون لە قوتابخانەکان رادەگیرێت. 

4. ئەو قوتابخانانەی کە لە گوندەکان و ئەو ناوچانەی كە هێڵی ئینتەرنێتیان وەک پێویست نییە و ژمارەی قوتابیانیان سنووردارە، دەوامیان بۆ گشت قۆناغەکان رادەگیرێت.

5. دەوامی باخچەی منداڵانی ناحکومی، تا رۆژی (2021/1/16) رادەگیرێت و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەكرێت.

6. دەوامی پەیمانگاکانی حکومی و ناحکومیی وەزارەتی پەروەردە، تا رۆژی (2021/1/16) رادەگیرێت و سەر لە نوێ هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی تەندروستی دەکرێت.

7. بەمەبەستی رێکخستنەوەی ساڵنامەی خوێندن و تاقیکردنەوەکان، وەزارەتی پەروەردە بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام سوود لەو پشووە فەرمییانە وەردەگرێت کە بە پێویستی بزانێت.

8. لە زانكۆ و پەیمانگاکان بۆ بەشە زانستییەکان، سیستەمی خوێندنی نێو كامپەس و خوێندنی ئەلیكترۆنی (خوێندنی ئاوێتە)، بەپێی ھەمان پلانی پێشوو ھەروەھا بە ڕەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان، تا رۆژی (2021/1/16) وەك خۆی بەردەوام دەبێت.

9. بەشە مرۆییەکانیش لە زانکۆ و پەیمانگەکاندا بە ڕەچاوکردنی رێنمایی تەندروستیی زیاترەوە، تا (2021/1/16) بەھەمان شێوەی پێشوو وەک خۆی بەردەوام دەبێت.

ئەم بڕیارانە لە ڕۆژی (2021/1/7) کاری پێدەکرێت، دوای ئەم ڕێککەوتەش لیژنە کۆدەبێتەوە بۆ سەر لە نوێ تاوتوێکردنی ڕەوشی تەندروستیی هەرێمی کوردستان. 


د. جوتیار عادل
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2021-1-7

 

هـ.ر.

Fly Erbil Advertisment