تویتەر و فەیسبووک ترەمپیان بلۆک کرد
رۆژانی توویتەکانی ترەمپ کۆتایی دێت؟

K24 - هەولێر
سەرۆکی ئەمەریکا لەلایەن تویتەر و فەیسبووکەوە بۆ ماوەیەکی کاتی بلۆک کرا دوای ئەوەی پۆستی لەبارەی لایەنگرانی کرد، ئەوانەی دوێنێ هێرشیان کردە سەرباڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمەریکا.
دوای ئەو پشێویانەی لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ لەناو باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمەریکا دروستییان کرد، تویتەر بڕیاریدا بۆ ماوەی 12 کاتژمێر هەژماری ترەمپ دابخات و سەرجەم تویتەکانی بسڕێتەوە، هەروەها هەریەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک و ئینستاگرام، بۆ ماوەی 24 کاتژمێر، هەژمارە تایبەتەکانی ترەمپیان سڕکردووە.
لە تویتەر، ترەمپ بۆ لایەنگرانی نووسیویەتی "خۆشمدەوێن" پێش ئەوەی پێیان بڵێ "بڕۆنەوە ماڵەوە". توویتەر هۆشداری دا، توویتەرەکەی سەرۆک بەتەواوەتی بلۆک دەکات، ئەگەر ئەو توویتانەی نەسڕێتەوە، شارەزایان پێشبینی دەکەن رۆژانی توویتەکانی ترەمپ کۆتاییان دێت، چونکە ترەمپ بەوە ناسراوە زۆر گوێ بە یاساکانی تووتەر نادات.
فەیسبووکیش بۆ ماوەی 24 کاتژمێر ترەمپی سڕکردووە، ڤیدیۆیەکی سەرۆک لە یوتووبیش سڕدراوەتەوە.
تووندوتیژییەکان بوونە هۆی ئەوەی دیبەیتی کۆنگرێس سەبارەت بە بردنەوەی جۆو بایدن ماوەیەک بووەستێت.
دوێنێ، پێش دەستپێکردنی تووندوتیژییەکان، دۆناڵد ترەمپ لە واشنتنەوە بە لایەنگرانی گوتبوو ئەو هەڵبژاردنەی لێ دزراوە، دوای چەند کاتژمێرێکیش لە دەرەوە و ناوەوەی کۆنگرێس خۆپیشاندان و تووندوتیژی روویاندا.