لە ئەمەریکای دڵی دیموکراسیی جیهان، سەرۆکایەتیی ترەمپ بە رژانی خوێن کۆتاییدێت

K24 - هەولێر
دوای سێ ساڵ و 11 مانگ و 17 رۆژ لە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، ماوەی سەرۆکایەتیی ترەمپ بە رژانی خوێن کۆتاییدێت، رووداوێک، کە لە مێژووی نوێی ئەمەریکا پێشینەی نەبووە.
لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ، دوای نوەڕۆی چوارشەممە بە کاتی ئەمەریکا و (بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەکاتی هەولێر) چوونە نێو کۆنگرێسی ئەمەریکا، لەکاتێکدا کۆنگرێس لەکۆبوونەوەدابوو بۆ پەسەندکردنی بردنەوەی جۆو بایدن.
کۆنگرێس "دڵی دیموکراسیی ئەمەریکا" بووە شوێنی تووندوتیژی و رووبەڕووبوونەوە و رژانی خوێنی خۆپیشاندەران، ئەوانەی هەڵیانکوتابووە سەر باڵەخانەی کاپیتۆڵ، سەرۆکی ئەمەریکاش تۆمەتباردەکرێت بەوەی هەوڵی کودەتای داوە.
چی روویدا؟
دوای نیوەڕۆی چوارشەممە، خۆپیشاندەرانی لایەنگری دۆناڵد ترەمپ چوونە نێو باڵەخانەی کاپیتۆڵ و بوونە هۆی وەستانی ئەو کۆبوونەوەیەی بۆ پەسەندکردنی بردنەوەی بایدن دەکرا.

هێزە ئەمنییەکان لە ئۆپەراسیۆنێکی چوار کاتژمێریدا، گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا بۆ بەدەستهێنانەوەی کاپیتۆڵ. پۆلیس دەڵێ: ژنێکی لایەنگری ترەمپ لە ئەنجامی تەقەکردن کوژراوە، سێ کەسی دیکەش لە ناوچەکە کوژراون، بەڵام روون نییە چۆن.
لایەنگرێکی ترەمپ، کە جینزێکی لەبەردایە و کاسکێتێکی بەیسبۆڵی لەسەرە، وێنەی گیراوە لەکاتێکدا لەسەر کورسیی نانسی پیڵۆسی، سەرۆکی پەرلەمان دانیشتووە و قاچی خستووەتە سەر مێزەکە.
پەیامی هەڕەشەئامێز
لەسەر مێزەکەی پیڵۆسی، نامەیەکی هەڕەشەئامێز جێهێڵراوە، ژمارەیەکی دیکە لە خۆپیشاندەران چوونە سەر ئەو شوێنەی ئامادەکراوە بۆ ئەوەی جۆو بایدن لە 20ـی ئەم مانگەدا سوێندی یاسایی بوونە سەرۆکی لێ بخوات، لافیتەیەکیان بەدەستەوە گرتووە کە لەسەری نووسراوە "ئێمەی خەڵک، واشنتن بە چۆکدا دەدەین؛ ئێمە توانای ئەوەمان هەیە".

لەگەڵ دروستبوونی شەڕ و رووبەڕووبوونەوە، بایدن داوای لە ترەمپ کرد راستەوخۆ بچێت لە تەلەڤیزیۆنی نیشتمانی بە لایەنگرانی بڵێن بووەستن.
دوای چوار کاتژمێر لە وەستانی بەهۆی پشێوییەکان، کۆنگرێس دەستی بە کۆبوونەوە کردەوە بۆ پەسەندکردنی هەڵبژاردنی جۆو بایدن، وەکو سەرۆکی ئەمەریکا.
لە ئەنجوومەنی پیران، مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا باسی لە "تووندوتیژییەکان"ـی سەر کۆنگرێس کرد و رایگەیاند ئەمە رۆژێکی رەشە.
پێنسی کۆماری و جێگری سەرۆک ترەمپ، لە تویتەر وێنەی کەڤەرەکەی کردووەتە وێنەی جۆو بایدن و کەمالا هاریسی جێگری، لە کۆبوونەوەکەی کۆنگرێس گوتی "تەنانەت لەدوای ئەو تووندوتیژییە بێ پێشینانەی باڵەخانەی کاپیتۆڵ، نوێنەرانی گەلی ئەمەریکا جارێکی دیکە و لە هەمان رۆژ کۆبووینەوە بۆ بەرگریکردن لە دەستوور".
ترەمپ هۆکاری تووندوتیژییەکان بوو؟
لایەنگرانی ترەمپ، هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی کاپیتۆڵ دوای ئەوەی بەشدارییان لە خۆپیشاندانێک کرد لە نزیک کۆشکی سپیی ئەمەریکا، کە تێدا ترەمپ داوای کرد خۆپیشاندان بکەن بەهۆی دۆڕانی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا و سووربوو لەسەر ئەوەی ئەو هەڵبژاردنەی "لێ دزراوە".

لەگەڵ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پیران، بۆ پەسەندکردنی ئەندامی هەڵبژاردن، میچ ماکۆنێڵ، سەرۆکی زۆرینەی کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی پیران گوتی "ئەنجوومەنەکە ناترسێنرێت"، هەروەها گوتی: ویستیان دیموکراسییەتەکەمان تێکبدەن، بەڵام شکستیان هینا".
چاک شۆمەر، سەرۆکی دیموکراسییەکانی ئەنجوومەنی پیران کە کەمینەی ئەنجوومەنەکەن گوتی "ئەوەی لە چوارشەممە روویدا، بەهۆی گوتە و درۆکانی دۆناڵد ترەمپ بوون، ئەمە دەبێتە پەڵەیەک کە بە ئاسانی ناسڕدرێتەوە".
مێت رۆمەنی، سیناتۆری کۆماری ئۆباڵی ئەو رووداوانەی خستە ئەستۆی ترەمپ و بە تووندی رەخنەی لێگرت و گوتی "ئەوەی ئەمڕۆ روویدا، هەڵگەڕانەوەیە و بە پلانی سەرۆکی ئەمەریکایە".
لەدوای کاتژمێرێکی دیکە، ئەنجوومنی نوێنەران دەستی بە کۆبوونەوە کردەوە.

نانسی پیڵۆسی، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە کە دیموکراتە، رووداوەکانی بە "هێرشکردنە سەر دیموکراسییەت" وەسف کرد و رایگەیاند "بۆ هەموو ئەوانەی هەوڵیاندا روومان لە ئەرکەکانمان وەربگێڕین؛ شکستتان هێنا. بۆ هەموو هەموو ئەوانەش کە بەشداربوون لە پیسکردنی پەرستگای دیموکراسییەتەکەمان: دادپەروەری بەدیدێت".
کیڤن ماکارسی، سەرۆکی کۆمارییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران کە کەمینەی ئەنجوومەنەکەن، روویکردە هێزە ئەمنییەکان، کە ئاسایشیان گەڕاندەوە باڵەخانەی کاپیتۆڵ و گوتی "کاتی ئەوە هاتووە نیشانی ئەمەریکییەکانی بدەین، دەتوانین بەیەکەوە کاربکەین".