دۆناڵد ترەمپ لەبارەی سەرکەوتنی جۆ بایدن: دەسەڵات بە ئاسایی رادەست دەکەین

راگەیەندراوێک لە دۆناڵد ترەمپەوە لەدوای پەسەندکردنی سەرکەوتنی جۆو بایدن 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا: BRENDAN SMIALOWSKI/AFP
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا: BRENDAN SMIALOWSKI/AFP

K24 - هەولێر

لەدوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەمەریکا لەلایەن کۆنگرێس، کە بە سەرکەوتنی جۆ بایدن کۆتایی هات، دۆناڵد ترەمپ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێ "دەسەڵات بە ئاسایی رادەست دەکرێت".

لە راگەیەندراوەکەی ترەمپدا هاتووە: هەرچەندە بەتەواوەتی ناڕازیم بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە و، راستییەکان سەغڵەتم دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە رۆژی 20ـی کانوونی دووەم دەسەڵات بە ئاسایی رادەست دەکرێت".

لە بەشێکی دیکەی ئەو راگەیەندراوەی ترەمپ، کە دان سکاڤینۆ، جێگری بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و بەڕێوەبەری سۆشیاڵ میدیای کۆشکی سپی بڵاویکردووەتەوە، هاتووە "من، هەمیشە گوتوومە شەڕەکەمان بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی دەنگە یاساییەکان بژمێردرێن. لەکاتێکدا ئەمە کۆتاییهاتنی مەزنترین چوار ساڵە لە مێژووی سەرۆکایەتی، لەهەمان کاتدا سەرەتای شەڕەکەمانە بۆ ئەوەی دووبارە ئەمەریکا مەزن بکەینەوە".

لە هەڵبژاردنی 3ـی نۆڤەمبەری 2020ـی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، جۆ بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان 306 دەنگی ئەنجوومەنی هەڵبژاردنی بەدەستهێناوە، دۆناڵد ترەمپیش 232 دەنگی بەدەستهێناوە، ئەم ئەنجامە کەمێک پێش ئێستا لەلایەن کۆنگرێسی ئەمەریکا پەسەند کرا.
 
دوێنێ ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران لەکۆبوونەوەدابوون بۆ پەسەندکردنی بردنەوە جۆ بایدن، کاتێک لایەنگرانی ترەمپ هەڵیانکوتایە سەر کۆبوونەوە هاوبەشەکە بۆ رێگریکردن لە پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن، لەئەنجامدا رووبەڕووبوونەوە لەنێوان لایەنگرانی سەرۆک ترەمپ و هێزە ئەمنییەکان روویدا و هێزە ئەمنییەکان بە چوار کاتژمێر، توانیان باڵەخانەی کاپیتۆڵ کۆنترۆڵ بکەنەوە، بەڵام لەو ناوەندەدا ژنێکی لایەنگری ترەمپ بە گوللـە کوژرا، ئەمەش جگە لە کوژرانی سێ کەسی دیکە.