گوتەبێژی سوپای پاسداران: چەکە نوێیەکانی ئێران لە رێگەدان

عەلی محەممەد ناینی، گوتەبێژی سوپای پاسداران دەڵێت "داهێنان و چەکە نوێیەکانی ئێران لە رێگەدان و هێشتا جبەخانەیەکی فراوانی ئامادەکراون هەیە و بەکارنەهێنراون.

ناینی دەڵێت " بۆ جەنگێکی درێژخایەن ئامادەین تا ئەو کاتەی دەستدرێژکارەکان سزا دەدەین و تەنبێیان دەکەین؛ دەبێت دوژمن لە هەر شەپۆلێکی ئۆپەراسیۆنەکانماندا چاوەڕوانی گورزێکی بە ئازار بکەن.

بە گوتەی عەلی محەممەد ناینی، داهێنان و چەکە نوێیەکانی ئێران لە رێگەدان و تا ئێستا بەشێوەیەکی فراوان لە هێرشەکاندا داهێنانەکانیان بەکار نەهێناوە.

هەروەها عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەڕەی تایبەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی "هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ماوەیەکی زۆرە خۆیان بۆ جەنگ ئامادە کردووە، ئەوەشیان سەلماندووە هەر کەسێک مەرامی درێژەدەان بە جەنگ هەبێت، ئەوە خۆی دەخاتە نێو زۆنگاو".

عێراقچی دەڵێت؛ ئێران دووجار لەگەڵ ئەمریکا دانوستانی کردووە و هەردوو جارەکە، لە گەرمەی دانوستاندا، واشنتن هێرشی لە ناکاوی کردە سەر تاران، بۆیە ئەمریکا لە هەموو خوێرێژییەکان بەرپرسیارە.

ئەمریکا و ئێران دوای بەڕێوەبردنی سێ گەڕی دانوستان لە عومان و سویسرا نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێک و دوای ئەوەی بڕیار بوو گەڕی چوارەمی دانوستان لە ڤیەننا بەڕێوە بچێت، ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوبەشی بەرەبەیانی شەممە 28ی شوباتی 2026، هێرشی هاوبەشیان کردە سەر تاران، لە یەکەم ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی ئاسمانیدا، ژمارەیەک لە سەرکردە باڵاکانی ئێران کوژران، بەرزترینیان عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران بوو.