ترەمپ: چاومان لەوەیە بە شێوەیەکی باش دۆخی خراپی ئێران چارە بکەین

سەرۆکی ئەمریکا، لە نوێترین لێدوانیدا ئاماژەی بەوە دا، زۆرینەی سەرکردەکانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج. هاوکات دەڵێت: " ئێسا وڵاتەکەمان بەراورد بە جاران زۆر رێز لێ وەرگیراوترە و هەوڵی چارەکردنی دۆخی خراپی ئێران دەدەین."

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 7ـی ئاداری 2026،  دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە میانەی وتارێکدا تیشکی خستە سەر سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەکەی بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و وردەکاریی هێرشە سەربازییەکانی وڵاتەکەی خستە روو.

ترەمپ لە بەشێکی قسەکانیدا گوتی: "ئێمە زۆرینەی سەرکردەکانی ئێرانمان کردووەتە ئامانج." هەروەها ستیاسێ تواناکانی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند: "ئێمە هێرشمان کردە سەر ئێران؛ ئێمە خاوەنی سوپایەکی زۆر ناوازە و بێوێنەین."

هەروەها ئاماژەی بە گۆڕانکاری لە پێگەی نێودەوڵەتیی ئەمریکا کرد و گوتی: " ئێستا وڵاتەکەمان بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، زیاتر رێز لێ گیراوە." 

سەبارەت بە داهاتووی پەیوەندییەکان و دۆخی ئێران، دۆناڵد ترەمپ ئومێدی خۆی نیشان دا بۆ دۆزینەوەی دەرچەیەک و گوتی: "چاومان لەوەیە و هەوڵ دەدەین بە شێوازێکی باش و گونجاو، چارەی ئەو دۆخە خراپەی ئێران بکەین."

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.