هەولێر لەژێر پارێزگاریی چڕدایە؛ بەرپەرچی چەند هێرشێکی درۆنی درایەوە
سەرچاوەیەک لە ئاسایشی هەولێر رایگەیاند: سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە هەولێر، توانیویەتی بەرپەرچی چەند هێرشێکی درۆنی بداتەوە و پێش گەیشتن بە ئامانجەکانیان تێکیان بشکێنێت.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 7ـی ئاداری 2026، سەرچاوەیەک لە ئاسایشی هەولێر، تایبەت بە کەناڵی کوردستان24ــی گوت: کەمێک پێش ئێستا ژمارەیەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) هەوڵیان داوە ئاسمانی شاری هەولێر ببەزێنن، بەڵام بەهۆی کاردانەوەی خێرای سیستەمی بەرگری، سەرجەم هێرشەکان پووچەڵ کرانەوە و بەرپەرچ درانەوە.
سەرچاوەکەی ئاسایش ئاماژەی بەوەش داوە، کە دەستبەجێ تیمە تایبەتمەندەکانی ئاسایش و هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی درۆنەکان و ناوچەکەیان گەمارۆ داوە. ئێستا پڕۆسەی لێکۆڵینەوەی ورد و پشکنینی تەکنیکی، بۆ دیاریکردنی جۆری درۆنەکان و سەرچاوەی هەڵدانیان دەستی پێکردووە.
بە پێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە و تەنیا بوونەتە هۆی دروستبوونی دەنگێکی بەهێز لە هەندێک لە گەڕەکەکانی شارەکەدا.
هێزە ئەمنییەکان دڵنیایی دەدەنە هاووڵاتیان کە دۆخەکە بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵدایە و رێوشوێنی ئەمنیی توند بۆ پاراستنی سەلامەتیی دانیشتووانی هەولێر گیراوەتەبەر.
لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، گرووپە چەکدارە لەیاسادەرچووەکانی عێراق، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ، هەوڵی بە ئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان دەدەن.
سەرجەم ئەو هێرشانەی کە لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژەوە کردوویانەتە سەر هەرێمی کوردستان، خۆشبەخاتە لە لایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا و هاوپەیمانان تێکشکێنراون، هێرشەکانیش جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.