سوپای پاسداران: لە گەرووی هورمز کەشتییەکی نەوتهەڵگرمان بۆردومان کرد
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، کەشتییەکی نەوتهەڵگریان بۆردومان کردووە، چونکە پابەندی ئاگداری و رێنماییەکان نەبووە و ویستوویەتی لە گەرووی هورمز تێپەڕ بێت.
ئەمڕۆ شەممە، 7ـی ئاداری 2026، سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، کەشتییەکی نەوتهەڵگریان بە ناوی "پریما" لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە لە گەرووی هورمز کردووەتە ئامانج، پاسداران هۆکاری هێرشەکەیان بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە ئەو کەشتییە ئاگادارییەکانی پەیوەست بە قەدەخەکردنی تێپەڕبوونی لەو گەرووەدا پشتگوێ خستووە.
هەروەها سوپای پاسداران ئەوەشی راگەیاندووە، هێزەکانیان توانیویانە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلی لە جۆری 'هێرمس 900' لە ئاسمانی کەناراوەکانی پارێزگای هورمزگان لە باشووری وڵاتەکە بخەنە خوارەوە.
هەر لە هەمان چوارچێوەدا، ئاماژە بەوەش کراوە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران، فڕۆکەیەکی سیخوڕیی سەر بە ئیسرائیلی لە جۆری 'ئۆربیتەر 4' لە ئاسمانی شاری ئیسفەهان تێک شکاندووە.