سەرکردەکانی ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێ دەکەن
سەرکردەکانی یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆ لەبارەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئانتۆنیۆ کۆستا ، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپی، رایگەیاند، رۆژی دووشەممە، 09ـی ئاداری 2026، کۆبوونەوەیەکی فراوان بەڕێوەدەچێت لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی سەبارەت بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە و دۆخی گشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لەم کۆبوونەوەیەدا ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا، بەشداری دەکات. سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپی دووپاتی کردەوە، یەکێتیی ئەوروپا داوای ئاشتی و سەقامگیری دەکات، هەروەها دەستدرێژییەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی سەرکۆنە دەکات، چونکە ئەم هێرشانە هۆکاری سەرەکی ناسەقامگیرییەکانن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
جیا لەم کۆبوونەوەیە، بە گوتەی حوسام زەکی، یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی کۆمکاری عەرەبی، چاوەڕوان دەکرێت سبەی یەکشەممە، 08ـی ئاداری 2026، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بۆ تاوتوێکردنی "دەستدرێژییەکانی ئێران بۆ سەر خاکی هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی" ئەنجام بدەن.
حوسام زەکی روونی کردەوە، کۆبوونەوەکە لە رێگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە بەڕێوە دەچێت و لەسەر داوای چەند وڵاتێکی عەرەبی رێکخراوە، لەوانەش کوێت، سعوودییە، قەتەر، عومان، ئوردن و میسر.
لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە کۆتایی مانگی شوبات و سەرەتای مانگی مارس 2026، ئێران هێرشی بە مووشەک و درۆن کردووەتە سەر چەند وڵاتێکی کەنداو (وەک سعوودییە، بەحرەین، ئیمارات، قەتەر، کوەیت) و هەرێمی کوردستان و هەندێک وڵاتی دیکە، ئەمەش وایکردووە ناوچەکە بکەوێتە قەیرانێکی گەورەی سەربازییەوە.