لاریجانی: ئەمریکا بە هەڵە خوێندنەوەی بۆ دۆخی ئێران کردووە
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە لێدوانێکدا پەردە لەسەر ستراتیژی ئەمریکا لە جەنگی ئەم دواییەدا لادەدات و رایدەگەیەنێت کە واشنتن بە هەڵە خوێندنەوەی بۆ دۆخی ئێران کردووە و ویستوویەتی سیناریۆی ڤەنزوێلا دووبارە بکاتەوە.
شەممە 7ـی ئاداری 2026، عەلی لاریجانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی کۆماری ئیسلامی ئێران، رایگەیاند: گەورەترین کێشەی ئەمریکییەکان ئەوەیە کە لە پێکهاتەی فکری رۆژئاوای ئاسیا و بەتایبەت ئێران تێناگەن. ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەمریکا بەو خەیاڵەوە هاتووە کە چۆن لە ڤەنزوێلا کاریان کردووە، دەتوانن لێرەش هەمان شت دووبارە بکەنەوە، بێئاگا لەوەی شێوازی بیرکردنەوە لەم ناوچەیە جیاوازە.
سەبارەت بە ئامانجی هێرشەکان، لاریجانی گوتی: ئەمریکییەکان دەیانویست دیمەنەکە بگۆڕن و لەڕێگەی دروستکردنی شۆک و خستنە دۆخی سەرسوڕمانەوە، دۆخی ئێران تێکبدەن.
لاریجانی ئاشکرای کرد کە قۆناغی یەکەمی پلانەکە بریتی بووە لە شێواندنی دۆخی ناوخۆیی لەڕێگەی کوشتنی ڕێبەرایەتی ئێران و ژمارەیەک لە فەرماندەکانمان، بۆ ئەوەی پێکهاتەی ئیداری و حکوومی لەبەریەک هەڵبوەشێننەوە.
لاریجانی جەختی کردەوە کە ستراتیژی ئەمریکا ئەوە بوو بە چڕی و لە ماوەیەکی کورتدا کۆتایی بە جەنگەکە بهێنن، بەڵام بیریان لەوە نەکردبووەوە کە ئێرانییەکان وازیان لێ ناهێنن.
لاریجانی دانی بە بوونی جیاوازییەکاندا نا بەڵام گوتی: رەنگە هەندێک ناکۆکی ناوخۆیی هەبن، بەڵام گەلەکەمان یەکگرتووە کاتێک وڵات دەکەوێتە مەترسییەوە و رێگە بە جێبەجێبوونی خەونەکانی ئەمریکا نادەن.
عەلی لاریجانی گوتیشی: لەبەر ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نەگەیشتووەتە ئامانجەکانی، ئێستا لەناو ململانێ و پەلەقاژەدایە. باشترە بۆ ترەمپ دان بەوەدا بنێت کە هەڵەی کردووە و لەلایەن ئیسرائیلەوە هەڵخەڵەتێنراوە.
دەشڵێت: وڵاتانی ناوچەکە درکیان بەوە کردووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان توانای دابینکردنی سەقامگیریی لە ناوچەکەدا نییە و تێگەیشتوون لەوەی کە ئێمە ئەوانمان نەکردووەتە ئامانج.
عەلی لاریجانی ڕاشیگەیاند، ئێمە سزای ترەمپ دەدەین لەسەر تیرۆرکردنی خامنەیی و هەرگیز لێی خۆش نابین و دەستبەرداری نابین؛ هاوکات ئێمە پێشوازی لە فراوانبوونی بازنەی شەڕ ناکەین، بەڵام ئەگەر وڵاتانی ئەوروپی دەستوەردان بکەن، بەو پێیە و بە شێوازێکی گونجاو وەڵامیان دەدەینەوە.
لە بەشێکی دیکە لێدوانەکانیدا ئاماژەی دا، کاتێک دوژمن لە بنکەکانی ناوچەکەوە هێرشمان دەکاتە سەر، ئێمە وەڵام دەدەینەوە و بەردەوامیش دەبین لە وەڵامدانەوە؛ ئەمە مافی خۆمانە و سیاسەتێکی جێگیری ئێمەیە. وڵاتانی ناوچەکە دەبێت ڕێگری لە ئەمریکا بکەن کە خاکەکەیان دژی ئێران بەکاربهێنێت، دەنا خۆمان ناچار دەبین ئەو کارە بکەین.
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی کۆماری ئیسلامی ئێران،گوتیشی: ئێمە گەرووی هورمزمان دانەخستووە، بەڵکوو خۆبەخۆ و لە عمەلیدا داخراوە.
عەلی لاریجانی راشیگەیاند، بەهۆی ئەو جەنگەی هەیە، جیهان رووبەڕووی قەیرانی وزەی دەبێتەوە